سەردێڕ:

لە ساڵی ١٨٨٠ ەوە مانگی تەموز بە گەرمترین مانگ لە جیهاندا ناودەبرێت

فۆتۆ: 
2019-08-16

4737 جار خوێندراوەتەوە

مانگی تەموز بە گەرمترین مانگ لە ساڵی ١٨٨٠ ەوە ناودەبرێت، گەرماکە ڕوبەرێکی بەرفروانی سەهۆڵی جەمسەری باکوری گۆی زەوی تواندەوە و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا پلەی گەرمی پێوانەیی تیایاندا تۆمارکرا.

ئەگەرچی هێشتا وەرزی هاوین لەبەشی باکوری گۆی زەوی کۆتایی نەهاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکا بۆ زەریاکان و بەرگەهەوای گۆی زەوی ڕایگەیاند، لەماوەی ١٤٠ سالی ڕابردوودا جیهان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای وەک مانگی تەموزی ڕابردوو بەخۆوە نەبینیوە.

تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان لەو مانگەدا بەڕێژەی نزیکەی یەک پلەی سەدی زیادیکردووە، کە ئەوەش وایکردووە مانگی تەموزی ڕابردوو بە گەرمترین مانگەکانی ساڵ پۆڵین بکەن لەو کاتەوەی پلەکانی گەرما لە ساڵی ١٨٨٠ دا تۆمارکراوە.

لە مانگی تەموزی ڕابردوودا بەرزترین پلەی گەرما جگە لە چەند ناوچەیەکی کیشوەری ئاسیا و باکوری ئەفریقا، لە چەند ناوچەیەکی تری وەک ئالاسکا لە ئەمریکا و ناوەڕاست و باشوری کیشوەری ئەوروپا تۆمارکراون و گەیشتبووە ئاستێکی پێوانەیی، کە دوو پلەی سەدی زیاتر بووە بە بەراورد بەهەمان مانگەکانی تەموز لەنێوان ساڵانی ١٩٨١ بۆ ٢٠١٠.

لە هەندێک ناوچەی ئیسپانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاش پلەکانی گەرما ٤٠ پلەی سەدی تێپەڕاند.

تەنانەت کاریگەریی گەرماکە گەیشتبووە دوورگەی گرینلاند لە بەستەڵەکی باکوری گۆی زەوی، بەشێوەیەک کە لە تەواوی مانگی تەموزدا نزیکەی ١٩٧ ملیار تەن لە سەهۆڵی دوورگەکە توایەوە.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تەنها وشکانی نەگرتەوە، بەڵکوو پلەی گەرمای سەر ڕووی دەریا و زەریاکانیش بەرزبوونەوە کە ئەوەش وایکرد چەندین زریان و گەردەلول دروست ببن و ببنە هۆی کەوتنەوەی لافاو لە چەند ناوچەیەکی گۆی زەوی.

بەپێی بەیاننامەکانی ڕێکخراوی کەشناسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پلەکانی گەرما لە مانگی تەموزدا ساڵ لەدوای ساڵ ڕوو لە بەرزبوونەوە کردووە بەتایبەتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا، هەروەها تەموزی ساڵی ١٩٩٨ بە گەرمترین مانگەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.

بڕیاریشە لە ٢٣ ی ئەیلولی داهاتوودا لەسەر بانگهێشتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لوتکەیەکی نێودەوڵەتیی لەباری کەشوهەواوە لە بارەگای ڕێکخراوەکە لە شاری نیویۆرک ببەسترێت، تا ڕوبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببنەوە و ئامانجەکانی لوتکەی پاریس جێبەجێ بکرێت.

گۆتێرێس داوای لە بەشداربووانی لوتکەکە کردووە پلانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی غازە دەرچووەکانی کارگەکان بۆ ناو بەرگە هەوا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەڕێژەی ٤٥% کەمبکرێتەوە کە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوییە و لە ساڵی ٢٠٥٠ یشدا بەتەواوی بنبڕبکرێت.

گەرمای پێوانەیی مانگی تەموز

- تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان لە تەموزی ڕابردوودا بەڕێژەی نزیکەی یەک پلەی سەدی زیادیکردووە

- لەو کاتەوەی پلەکانی گەرما لە ساڵی ١٨٨٠ دا تۆمارکراوە مانگی تەموزی ڕابردوو گەرمترین مانگ بووە

- لە هەندێک ناوچەی ئیسپانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاش پلەکانی گەرما ٤٠ پلەی سەدی تێپەڕاند

- لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پلەکانی گەرما لە مانگی تەموزدا ساڵ لەدوای ساڵ ڕوو لە بەرزبوونەوە کردووە بەتایبەتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا

- تەموزی ساڵی ١٩٩٨ گەرمترین مانگەکانی سەدەی بیستەم بووە

- لە ٢٣ ی ئەیلولی داهاتوودا لوتکەیەکی نێودەوڵەتیی لەباری کەشوهەواوە لە بارەگای ڕێکخراوەکە لە شاری نیویۆرک دەبەسترێت