سەردێڕ:

سەدر: بەرەوپێشچوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بەدیناکرێت

فۆتۆ: 
2019-08-16

5818 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی چوار خاڵی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق دەکات و جەختیشدەکاتەوە کە حکومەت لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و چاکسازیدا نەیتوانیوە بەرەو پێشچوون بەدیبهێنێت.

موقته‌دا سه‌در، رێبەری ره‌وتی سه‌در ئامۆژگارییه‌كانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردووه و ئامۆژگاری عادل عه‌بدولمه‌هدی دەکات کە پێویستە لە کار و بڕیارەکەنیدا بێلایەن بێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەدردا هاتووە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەریکە بوونی نامێنێت و داوا لە سەرۆک وەزیران دەکات پەرە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدات لەبەر ئەوەی وەکو سەدر نوسیەتی، " گه‌ل زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و چیتر له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری ناتوانن ئارام بگرن".

سەدر باسی لەوەشکردووە، لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا هیچ بەرەوپێشچونێک بەدیناکرێت و بێ دەنگی حکومەتیشی لەو روەوە بە "موڵەتدان بە گەندەڵی" وەسف کردووە.

رێبەری ره‌وتی سه‌در لە کۆتای خاڵی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوا لە سەرۆک وەزیران دەکات شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان و سەربەخۆی بڕیاردانی عێڕاق بپارێزێت و لە سزادانی ئەو کەسانە دوو دڵ نەبێت کە خواستی لاوازکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانیان هەیە.

هـ.ع