سەردێڕ:

كچە كوردێكى پەنابەر چارەكە سەدەیەك بەدوای پیاوێكدا گەڕا

فۆتۆ: 
2019-08-16

44869 جار خوێندراوەتەوە

دوای گەڕان بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەك بەدوای پیاوێكدا، كچێكی كوردی پەنابەر لەكۆتاییدا بەئاواتەكەی گەیشت و ئەو كەسەی دۆزییەوە، كە بەمنداڵی ژیانی گۆڕیبو.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە، مێڤان بابەكری تەمەن ٢٩ ساڵ دوای ئەوەی چارەكە سەدەیەك بەدوای پیاوێكدا گەڕا، كە بە منداڵی دیارییەكی بۆ كڕیوە و ژیانی گۆڕیوە، لەكۆتاییدا بەهاوكاری هەزاران كەس دۆزییەوە.

مێڤان دەڵێت لەساڵی نەوەدەكانی سەدەی رابردو لەگەڵ خێزانەكەی لە عیراقەوە ڕێى هەندەرانى گرتەبەر و روویكردوەتە توركیا و دواتر بۆ ئازەربایجان و پاشان روسیا و لەوێشەوە بۆ كەمپی (زڤۆڵە)ی پەنابەران لە هۆڵەندا نیشتەجێبوون.

میڤان باسى ژیانى خۆى دەکات و دەڵێت لەو كەمپەدا پیاوێك، كە لە تیمی هاوكاری پەنابەران كاری كردووە، كاریگەرییەكی قوڵی لە دڵیدا دروستكردووە کاتێک پاسكیلێكی سوری بۆ كڕیوە لە یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی پێداوە کاتێک تەمەنى بووەتە ٥ ساڵ.

بەپێی چیرۆكەكە بێت مێڤان، ئێستادا لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا دەژی، ناوی پیاوەكەی نەزانیوە، بەڵام سۆز و میهرەبانیەكەی بەدرێژایی ژیانی لەگەڵیدا بووە و بەدرێژایی ئەو ساڵانە سور بوە لەسەر دۆزینەوەی و وێنەیەكی ئەو پیاوەى لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەووەو هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ دۆزینەوەی و نوسیویەتی "سڵاو ئینتەرنێت، ئەوەی دەمەوێت دورە بێتەدی، بۆ ماوەی ٥ساڵ پەنابەربوم لەماوەی ساڵانی نەوەدەكاندا و ئەم پیاوە، كە لە كەمپەكەدا كاری دەكرد، بەهۆی دڵە باشەكەیەوە پاسكیلێكی بۆ كڕیم و ئەو دڵەم لەخۆشیدا تەقییەوە، تەنها دەمەوێت ناوەكەی بزانم... دەتوانن هاوكاریم بكەن؟".

سەرچاوەكانی هەواڵ باسیان لەوەكردووە، وەك وەڵامدانەوەیەك هەزارەها كەس لەسەرانسەری جیهانەوە دەستیانكرد بە گەڕان بەدوای ئەو پیاوەدا و زیاتر لە سێ هەزار جار تویتەكە بڵاوكرایەوە و چەندین هەواڵی لەسەر كرا، دواتر مێڤان ئاشكرایكرد توانیویەتی پەیوەندی بە كەسوكاری پیاوەكەوە بكات و تویتێكی دیكەی لەگەڵ وێنەكەیدا بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتبوو "دۆزیمانەوە؟

بەهۆی ئەو هاوكاریە زۆرەی بەدەستیهێنا، مێڤان کەمتر لە دوو ڕۆژ توانى پیاوەكە بدۆزێتەوەو لە كۆتاییدا چاوی بەو پیاوە كەوت و وێنەی نوێی بڵاوكردەوە و نوسیویەتی "ئەوە ئیجبێرت-ە و لە نەوەدەكانەوە هاوكاری ئاوارەو پەنابەران دەكات و زۆر دڵخۆش بوو بە بینینم و شانازیم پێوە دەكات، كە بوم بە ژنێكی بەهێز و ئازا". مێڤان چەندین پۆستی دیكەی بڵاوكردووەتەوە، كە باس لە خۆشحاڵی خۆی دەكات دواى چارەکە سەدەیەک گەڕان توانى لە کۆتاییدا ئیجبێرت بدۆزێتەوە.