سەردێڕ:

بەریتانیا: ئێران بەڵێنى داوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکەى رەوانەى سوریا نەکات

دواى ئازادکردنى کەشتییەکە
فۆتۆ: 
2019-08-16

1705 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا رایگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی كە لە لایەن حکومەتى جەبەل تاریقەوە ئازادكراوە رەوانەی سووریا نەكات، بۆیە پێویستە پابەندی بەڵێنەكەی بێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، رێگە بە ئێرانییەكان یان هیچ لایەنێكی دیكە نادرێت سزاكانی ئەوروپا كە بەسەر سوریادا سەپێندراوە، پێشێلبكات.

ئەوەش داوی ئەوە دێت، دوێنێ پێنجشەممە بەرپرسانی حکومەتى جەبەل تاریق ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەیان ئازاد كرد كە لە ٤ی تەمووزی رابردووەوە دەستی بەسەرداگیرابوو.

پێشتریش وەزارەتی دادی ئەمریكا داوای لە بەرپرسانی جەبەل تارق كردبوو، ماوەی دەستبەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران درێژ بكاتەوە.

ڕۆژی ٤ی مانگی تەموز یەکەی هێزی دەریایی بەریتانیا، لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئاوە هەرێمایەتییەکانی ناوچەی "جەبەل تاریق" کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوی (Grace1) دەستبەسەردا گرت، واشنتۆنیش ڕایگەیاندبوو کەشتییەکە نەوت و سوتەمەنیی بۆ سوریا دەگوێزێتەوە و ئەوەش پێشێلکردنی سزاکانی ئەوروپایە کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.