سەردێڕ:

رەغەدى کچى سەدام رەتیکردەوە پەیوەندیى بە کوشتارگەى سپایکەرەوە هەبووبێت

فۆتۆ: 
2019-08-15

7363 جار خوێندراوەتەوە

رەغەدى کچى سەدام حسێن رەتیکردەوە پەیوەندیى بە کوشتارگەى سپایکەرەوە هەبووبێت کە لە ٢٠١٤ لە تکریت ڕوویدا.

رەغەد لە تویتێکیدا لە تویتەر ڕایگەیاندووە، "نەفس نزم و دۆڕاوە سیاسییەکان ناوى ئەویان بە شێوەیەکى سەیر بەو بابەتەوە لکاندووە."

دەشڵێت، "پێشتر بە شێوەیەکى ڕوون بڵاومکردبوەوە کە هیچ پەیوەندیم بەو هەواڵەوە نییە، سەیریشە ویکیپیدیا ناوەکەمى بە سپایکەرەوە لکاندووە و دەبوایە وردتربوونایە لە وەرگرتنى زانیارییەکان، چونکە ئەو زانیارییانە زۆر ترسناکن."

رەغەد لە درێژەی نوسینەکەیدا وتوویەتی، "ڕق و کینە کوشندەترین نەخۆشییە کە مرۆڤەکان تووشى نەخۆشییە دەروونی و ئاینییەکان دەکات کە ئەوەش چاوى کوێردەکات."

هاوکات ڕۆژنامەى عوکازى سعودی لە ژمارەى ئەمڕۆ پێنج شەممەدا ئاماژەى بەوە کردووە، عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران ڕوبەڕوى قەیرانێکى سیاسى بووەتەوە لەگەڵ پەرلەمان کە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى و ئوردەن دەکاتە ئامانج.

ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، چەند هەوڵێکى پەرلەمانى هەیە بۆ فشارخستنە سەر ئوردەن تا ئۆپۆزسیۆنە عێراقییەکان ڕادەستى بەغدا بکەنەوە، لە سەرووى هەموانیشەوە رەغەدى کچى سەدام حسێن.

ڕۆژنامەکە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دوپاتیکردووەتەوە، چەند کوتلەیەکى پەرلەمانى دەیانەوێت کەیسى داواکراوە عێراقییەکانى نیشتەجێى ئوردەن ببەستنەوە بە کەیسى بازرگانیى نێوان هەردوو وڵات، بەڵام حکومەتى عێراق رەتیکردووەتەوە ئەو دوو کەیسە تێکەڵ بەیەک بکرێن.