سەردێڕ:

کوڕێكی هەژار وبێلانە لەماوەی ساڵێکدا بوو بە ملیۆنێر

فۆتۆ: 
2019-08-15

19068 جار خوێندراوەتەوە

کوڕێکی ئوستراڵی بێلانە کە رۆژانە لەسەر شەقامەکان و لە ژێر پردەکان دەخەوت لەماوەی ساڵێکدا بوو بە ملیۆنێر.

 لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی میرەر بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، هاری ساندەرز کە چوار ساڵ بەر لە ئێستا لەو کاتەی کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بوو بێلانەبوو، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا توانی ببێت بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا تایبەتییەکەی بەناوی Studiohawk کە سەرمایەکەی دەگات بە ١.٥ ملیۆن دۆلار.

ئەم کوڕە ئوستراڵییە نزیکی ساڵێك بێلانە بوو لە شەقامەکانی شاری ملبۆرن دەژیا و جار جارە دەچووە ماڵی هاوڕێکانی، وەك خۆی دەڵێت وانەکانی ژیانی بێلانەیی و ونبوون یارمەتییان داوە دەوڵەمەند بێت.

ساندەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، بێلانەیی یارمەتی داوە زووتر پێبگات و مامەڵەکردنی بگۆڕێت، ئەو قورساییانەش کە پێیدا تێپەڕیوە وایلێکردووە کە ببێت بە کەسێك متمانەیەکی زیاتری بەخۆی هەبێت.

لەگەڵ دامەزراندنی کۆمپانیا تایبەتییەکەشی ساڵی ٢٠١٧ ساندەرز دەیزانی کە هیچ رێگەیەکی نییە  بۆ گەڕانەوە، بۆیە بەردەوام بوو لە کارکردن بەبێ وەستان تا توانی سەربکەوێت.

Studiohawkئاژانسێکە تایبەتە بە باشترکردنی رێگاکانی گەڕان لە ئینتەرنێتدا، کە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات زیاتر بە ئینتەرنێتدا بڵاوببنەوە و بەمەش وادەکات ژمارەی کارەکان و کۆمپانیاکان زیاتر بێت.

ساندەرز کە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدایە و بەم جۆرە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە رێنمایی دەدات بەوەی، رۆژانە هەشت کاتژمێر بخەون، واز لە جلی فەرمی بهێنن و جلێك لەبەرکەن کە بۆ حەوانەوە گونجاوبێت، هەروەها بەردەوام بخوێننەوە و توانا تایبەتییەکانتان پەرەپێبدەن.