سەردێڕ:

هەولێر.. لە جەژندا حاڵەتەکانی سوتان و پێوەدانی مار و دووپشک زیادی کردوە

فۆتۆ: 
2019-08-15

2273 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، پلانی تەندروستی ڕۆژانى جەژن بەشێوەیەکی باش جێبەجێکراوە، وحاڵەتەکانی سوتانی سوک و قورس هەروەها پێوەدانی مارو دووپشک زیادی کردوە.

فاخیر کرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر  ڕایگەیاند، لەسەرجەم ئەو نەخۆشخانانەی قەزاو ناحیەکان کەوا بەشی فریاکەوتنیان هەبووە لەگەڵ هەرسێ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر پێشوازی کراوە لە ۱۱ هەزار و ٦٨۹ نەخۆش.

دەشڵێت، ۳۹ ڕووداوی هاتووچۆ و ۱۱۱ حاڵەتی کەوتنە خوارەوە تۆمارکراوە، کە بریندارەکان ئەو گەشتیارە عەرەبانە بوون چوونەتە شوێنە گەشتیاریەکان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، حاڵەتەکانی پێوەدانی مارو دووپشک زیادی کردوە کە٦۱ حاڵەت بووە، هەروەها لەجەژندا حاڵەتەکانی سوتانی سوک و قورس و ژەهراوی بوون زیادی کردووە کە ۱٥۱ حاڵەتی سوتان و ۱٦٥ حاڵەتی ژەهراوی بوون بەهۆی وەرزی گەرماوە تۆمارکراوە.

ڕاشیگەیاند، ۱٦٦ نەشتەرگەری گەورە و بچوک ئەنجام دراون، لەسنوری پارێزگای هەولێریش ۱۲۳ منداڵ لەدایک بوون لە چوار ڕۆژی جەژندا.