سەردێڕ:

پنتاگۆن: پێکهێنانی ناوچەی ئارام بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-08-15

4218 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و هەندێک خاڵی ڕێککەوتنەکەش بەمنزیکانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

شۆن ڕۆبەرتسۆن بە ئاژانسی (فرانس پرێس) ی ڕاگەیاند، لەم کاتەدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا تاووتوێی ڕێگەچارەکانی شێوازی دروستکردنی ناوچە ئارامەکە دەکەن و میکانیزمی ئەو کارەش بەچەند قۆناغێک دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا ئامادەیە وهاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ تورکەکاندا هەندێک هەنگاوی خێرا بەو ئاراستەیە بنێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لەمیانی وتارێکدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەکەی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەرێنییان لەگەڵ تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، تێیدا باسیان لە ڕەوشی سوریا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییەکەدا باسیان لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا و سوریا، لەلایەن تورکیاوە، کردووە.