سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار زانایان نهێنی دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپەلەیان دۆزییەوە

فۆتۆ: 
2019-08-15

43383 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرەوە ژاپۆنییەکان لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی گەورەدا ئەوەیان خستەڕوو، توانیویانە ئەو سپێرمانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی ڕەگەزی نێر جیابکەنەوە و بەهێزتری بکەن لەوانەی دەبنە هۆی دروستبوونی ڕەگەزی مێ.

ئەمەش ڕێگایەکە بۆ دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپەلەی مرۆڤ لە داهاتوودا، بەڵام ئەم پێشبینييە دەکرێت ببێتە هۆی ناهاوسەنگی ڕێژەی هەردوو ڕەگەزەکە ئەگەر جێ بەجێ بکرێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانی، کرۆمۆسۆمی جۆری (ئێکس) کە هەڵگری ڕەگەزی مێیە، کاتێک دەگات بە کرۆمۆسۆمێکی تر لە جۆری ئێکس لە هێلکەدا، بەشێکی گرنگ پێکدەهێنێت کە دەتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت و بگۆڕدرێت بۆ ماددەیەکی بەهێزتر.

ئەم توێژینەوەیە لە زانکۆی هێرۆشیمای وڵاتی ژاپۆن ئەنجامدرا، توانرا جوڵەی کرۆمۆسۆمی جۆری (ئێکس) خاوبکرێتەوە لەڕێگای کردارێکی هاندانەوە، لەلایەکی ترەوە، دەتوانرێت ماددەیەکی کیمیایی بۆ شلەی سپێرم زیادبکرێت و بەمەش کرۆمۆسۆمی جۆری (وای) خێراتر جوڵەدەکات و بەتەواوی خۆی جیادەکاتەوە لەو کرۆمۆسۆمە خاوەی هەڵگری ڕەگەزی مێینەیە.

ئەم کردارە لەسەر مشکەکان تاقیکرانەوە لەڕێگای کوتانی دەستکردەوە یاخود بە وەرگرتنی کرۆمۆسۆمە خێراکان کە هەڵگری جیناتی دروستکەری ڕەگەزی نێرن، بەمەش لەسەدا ٩٠ ڕەگەزی نێر دروستبوو، هەروەها لەکاتی تاقیکردنەوە لەسەر کرۆمۆسۆمە خاوەکان بەرێژەی ٨١ لە سەدا ڕەگەزی مێ دروستبوون، دەکرێت ئەم تاقیکردنەوەیە وەکو ڕێگەیەک بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕەگەزی مرۆڤ.

زانایان ئاماژە بەوەدەکەن بەم ڕێگەیە دەتوانرێت بواری کشتوکاڵ بەرەو پێشکەوتن ببرێت و یارمەتیدەریشە بۆ دروستبوونی ئاژەڵی مانگا سوودبەخشەکان لە بواری شیرەمەنی دا، یاخود زیادکردن و تەرخانکردنی بەرهەمی ئاژەڵان بۆ خۆراک.

ماسایۆکی شیماندا، توێژەری بوارەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە، ئەم تەکنیکە پێشتر لەسەر ئاژەڵی مانگا و بەراز تاقیکراوەتەوە، ئێستاش پێموایە دەتوانرێت لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە لەڕێگای دەرزی کوتانی دەستکردەوە، بەڵام پێویستە لەسەرمان لە لایەنی ئەخلاقییەوە گفتۆگۆی لەسەربکەین پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێک بنێین.

پسپۆڕانی بەریتانیا هۆشداری دەدەن لەم تەکنیکە، تەنانەت ئەگەر چەند شارێکی جیهاندا جێبەجێبکرێت و بەیاسایی بکرێت وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 پیتەر ئیلیس توێژەر لە زانکۆی کێنتی بەریتانیا دەڵێت " لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم تەکنیکە لەسەر مرۆڤەکان سەرکەوتووش بێت ئەوا سەردەکێشێت بۆ نائارامی و کێشە و پێکدادانی کۆمەڵگەکان کە ئەمەش زۆر ترسناکە".

وە ئەو لایەنانەی دژی دیاریکردنی ڕەگەزن دەڵێن " ئەگەر ئەم تەکنیکە جێبەجێبکرێت کێشە لە پێکهاتەی دانیشتواندا دروست دەکات بەوپێیەی بە پێی خواستی خەڵک ژمارەی نێر زیاتر یا کەمتر دەبێت، پاشان کاریگەری لەسەر ڕێژەی هاوسەرگیریکردن دەبێت و دووگیانبوون و منداڵبوون بەڕێژەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە.