سەردێڕ:

هەرێم.. تەقەکردن لەخەڵک و فڕێدانی نارنجۆک بۆ ماڵان خەریکە دەبێتە دیاردە

فۆتۆ: 
2019-08-14

3796 جار خوێندراوەتەوە

تەقەکردن لەخەڵک و فڕێدانی نارنجۆک بۆ ماڵان و هەڵکوتانە سەر هاووڵاتیان، لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەحاڵەتەوە دەبنە دیاردە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی هەرێم بەردەوام بانگەشەی دابینکردنی ئاسایشێکی نمونەیی دروست دەکەن.

لەماوەی سێ رۆژدا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دوو رووداوی ئەمنی روویاندا، كاتژمێر ٩ی شەوی شەممە ١٠ ی ئاب لەگوندی گردە سپیانی سنوری پشدەر دەستڕێژی گوللـە لە ماڵی فازڵ عومەر پەیامنێری كەناڵی كوردستان تی ڤی كرا.

لەوبارەیەوە رۆژنامەنوسەكە وتویەتی "تەقەكردنەكە بە دەستڕێژبوەو نزیكەی ١٢ گوللـە بەر خانوەكەیان و دوو ئۆتۆمبێلی بەردەم ماڵەكەیان كەوتوە، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە نە لە ئێستا و نە لە رابردوشدا، تەنها ئەوە نەبێت خۆی و براكانی كادری پارتی دیموكراتی كوردستانن.

بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان ساڵی رابردوو ٣ حاڵەتی تەقەکردن و هێرش بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە.

لە لایەکی ترەوە شەوی سێشەممە ١٣ ی ئاب نارنجۆكێك هەڵدرایە بەردەم ماڵی سەرۆكی پێشووتری شارەوانی قەڵادزێ، رووداوەکەش هیچ زیانێکی بەدواوەوە نەبووە.

هێمن ئیبراهیم سەرۆکی پێشووی شارەوانی قەڵادزێ سەبارەت بەو رووداوە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، نە کێشەی لەگەڵ کەسدا هەیە و نە گومانیشى لە کەس هەیە.

سەبارەت بەو رووداوانە شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی وت، ئەو دوو رووداوە رەگەزی ئەمنیان هەیە، بۆیە لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئێن ئاڕتی چەند جارێک پەیوەندی بە وتەبێژی ئاسایشی راپەڕینەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە هۆی تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانى پاسەوانێکی مەکۆکە کوژرا و لە دهۆکیش تەقەکردن لە قوتابخانەیەک بریندارێکی لێکەوتەوە و مانگی تەموزیش لە رووداوی تەقەکردن لە ریستۆرانتێکی هەولێر دوو هاوڵاتی هەرێم و هاوڵاتیەکی تورک کە دەوترێت کارمەندی کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە بووە لە هەرێم کوژران. ئەمانەش مشتێکن لە خەرمانی ئەو رووداوانەی ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو لەسەرتاسەری هەرێم چەندبارە بوونەوە.

بەشێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی حاڵەتەکانی تەقەکردن و هێرش بۆ سەر ماڵی هاوڵاتیان و کەسایەتیەکان بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆرى چەک و تەقەمەنی نایاسایی لە دەست خەڵک دەگەڕێتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە جگە لە رێکخستنەوەی دیاردەی چەکداری بە یاسا، پێویستە متمانەی هاوڵاتیان بە یاسا و دەزگا ئەمنیەکان بەهێز بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکی شەخسى، لە رێڕەوی یاساوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن نەک بە دەستبردن بۆ چەک و هەوڵی تۆڵەکردنەوە و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان. بەشێکى ترى هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەزگا ئەمنیەکانى کوردستان دەزگاى حزبین و حزبیش لەبەرژەوەندى خۆى و دژى نەیارەکانى لەلایەنە سیاسییەکان بەکاریان دەهێنێت و ئەمەش بۆشاییەکى ئەمنى لەکوردستان دروست کردووە کە هاووڵاتیان بەبەکارهێنانى چەکەکانى خۆیان، هەوڵى تۆڵەکردنەوەو یەکلاکردنەوەى کێشە شەخسییەکانیان دەدەن.