سەردێڕ:

بەپێچەوانەى کاتى ریفراندۆم بەرپرسانى هەرێم کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەردەکەن

فۆتۆ: 
2019-08-14

4227 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانى هەرێم دەیانەوێت لەڕێگەی بەغداوە کێشەکانیان چارەسەربکەن، بەر لە دوو ساڵیش هەر کەسێک پیشنیازى لەوجۆرەى بکردایە بە هەرزەی سیاسی و خۆفرۆش تۆمەتبار دەکرا.

لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، له‌سه‌ر پێکهێنانی چەند لێژنەیەکی تەکنیکی بۆ دیاریکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتووین، لەپێش ئەویش نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە یەکەم وتاری دوای سوێندخواردیدا ئامادەیی دەبڕی بۆ چارەسەری کێشەکان لەڕێگەی بەغداوەو سەردانی بەغداشی کرد.

ئەوان چوونە بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم لەڕێگەی بەغداوە چارەسەربکەن، دوو ساڵ کەمتر بەر لەم سەردانانە هەر کەسێک پێشنیازی چارەسەری کێشەکانی هەرێمی لەڕێگەی بەغداوە بکردایە بە هەرزەی سیاسی و خۆفرۆش و عێراقچێتی تۆمەتباردەکرا.

لە ساڵی ٢٠١٧ و لەسەردەمی ریفراندۆمدا، هەر کەس و لایەنێک دژی ریفراندۆم و دواخستنی بوەستایەتەوە لەلایەن قەڵەم بەدەستەکانی حزبەکان و دەسەڵاتەوە تەخوین دەکرا و بە جاش و خۆفرۆش لە قەڵەم دەدرا و پەیامى بوون بە دراوسێیەکى باشیان بۆ بەغدا دەنارد و پاسپۆرتیان بە هاوڵاتییانى هەرێم دەسوتاند.

لەوکاتەشدا کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکی سیاسی و مەدەنی کەمپینێکیان بە ناوی (نەخێر لە ئێستادا) دژی پرۆسەی ریفراندۆم ڕاگەیاند، بە سەرکردایەتى شاسوار عەبدولواحید، پێیان وابوو ڕیفراندۆم کاتەکەى گونجاو نییە و دەبێت کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێت.

پێش ڕاگەیاندنى بەرەى نەخێر لە ئێستادا شاسوار عەبدولواحید لە تەموزی ٢٠١٧ لە ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کۆبوەوە و دوو مانگ پێش دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم،لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕتیدا مەترسییەکانی ریفراندۆم و هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی جیهانی لەسەر ریفراندۆم و ئەگەر و مەترسییەکانی دوای ئەو پرۆسەیەی خستەڕوو.

لەدوای ڕاگەیاندنی بەرەی نەخێر گروپێکی گەورەی بەرەی بەڵێ لە سۆشیال میدیا و میدیاکانەوە کەوتنە تەخوین و تەشهیرپێکردن بە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو بەرەیە، لەبەرامبەردا بەرەی نەخێر لەڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە هەوڵی ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی ریفراندۆم و ئەگەر و لێکەوتە خراپەکانی دوای ئەو پرۆسەیەی دەدا بۆ سەر هەرێم.

لەدوای شکستە سیاسیی و سەربازییەکانی هەرێم لە دوای ریفراندۆم، بەرپرسانی هەرێم جارێکی تر ڕوویان لە قاپی بەغدا کردەوە... بەڵام ئەمجارە بەرپرسانی بەغدا بەگەرمی پێشوازییان لێنەکردن و تەنانەت شێوازی دانیشتن و کۆبونەوەکانیش وەک شێوەیەک بوو لە ئیهانەکردنی وەفدەکانی هەرێم.

بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینى کابینەکانى حکومەت لە بەغدا و هەولێر، کەشیکی نوێ دروستبوو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئاشکرا باسی لەوەدەکرد کە چارەسەری کێشەکانی هەرێم لە ڕێگەی بەغداوەیە و دەبێت هەولێر لەو ڕێگەیەوە کێشەکان چارەسەربکات.

ئەوکاتەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پلانی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدای دەخستە ڕوو، بە خۆفرۆش و عێراقچێتی تۆمەتبار دەکرا، بەڵام دواى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر ئەم قسانەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕوویان کردووەتەوە بەغدا بەئاشکرا باس لەهەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر دەکەن لەڕێگەی بەغداوە.

گەڕانەوەی بەرپرسانی هەرێم بۆ بەغدا و چارەسەری کێشەکان لەو ڕێگەیەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سیمینارێکدا لە شاری کۆیە شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەربکەن.

پێشتر کورد لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ بەغدا، باسی مادەی ١٤٠ و ریفراندۆم و بودجەی پێشمەرگە و زۆر بابەتی گرنگی تری دەکرد لەگەڵ بەغداد، بەڵام ئێستا تەواوی دانوساندنەکان تایبەتن، بە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، کە هەرێم خوازیارە رۆژانە رادەستی بەغدای نەکاتەوە.