سەردێڕ:

روفاتى ئەنفالکراوانى بیابانى سەماوە گەیەنراونەتە بەغدا

فۆتۆ: 
2019-08-14

1201 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکى سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، دوای هەڵدانەوەی یەکێک لە سێ گۆڕە بەکۆمەڵەکەى سەماوە، سەرجەمى روفاتەکان گەیەنراونەتە پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا.

سالار مەحمود راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، لە سێ گۆڕە بەکۆمەڵە دەستنیشانکراوەکەی بيابانى بادیەی سەماوە، بەشێوەیەکی زانستی روفاتەکان دەرهێنراون کە ژمارەیان ۱۷۱ ژن و مناڵن و گەیەنراونەتە پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا سەر بە وەزارەتی تەندروستی عیراق.

ئاماژەى بەوەشکرد، پێش هێنانەوەی روفاتەکان بۆ هەرێمى کوردستان، لەبەغدا مەراسیمی فەرمی و شایستەی بەڕێکرنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

ڕونیشیکردەوە، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دەستبکرێت بەهەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی تر کە دەستنیشانکراون.

ووتیشى، " تەنها لە پارێزگای سەماوە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی تری ئەنفالکراوانمان هەن و هەوڵی جدی نوێ هەیە بۆ دەستبەکاربوون لە دۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆڕەکان بە هەماهەنگی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق و هەرێم.

لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردوودا لە ناوچەى شەیخییە لە بیابانەکانى پارێزگای سەماوە لە باشوری عێراق گۆڕێکى بەکۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانى کورد هەڵدرایەوە و دواتر چەند گۆڕێکى تریش دەستنیشانکران بۆ هەڵدانەوە.