سەردێڕ:

عێراق.. سبەى یەکەم کاروانى حاجیان دەگەڕێنەوە

لە رێگەى وشکانییەوە
فۆتۆ: 
2019-08-14

2019 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق ڕایگەیاند، سبەى پێنچ شەممە یەکەم کاروانى حاجیانی عێراق دەگەڕێنەوە.

خالید عەتییە سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق لە کۆنفراسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە مەککە ڕایگەیاند، سبەى ١٥ى ئابى ٢٠١٩ یەکەم کاروانى حاجیانی عێراق لە رێگەى وشکانییەوە دەگەڕێنەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، گەڕانەوەى حاجیان لە رێگەى ئاسمانییەوە ڕۆژى هەینى ١٦ى ئاب دەستپێدەکات.

ڕوونیشیکردەوە، لە مەراسیمى حەجى ئەمساڵدا ١٠ حاجى عێراقى وەفاتیان  کردووە و مەراسیمى ئەمساڵیشى بە سەرکەوتوو ناوبردووە.

دوێنێ حاجیانى ماڵى خوا کۆتا تەوافیان بەدەورى کەعبەى پیرۆزدا کرد و ئەرکەئاینیەکەیان بەجێگەیاند و دواى بەجێگەیاندنى ئەرکەکانى فەریزەى حەجیش، حاجیان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ژمارەى حاجیانى عێراق بۆ ئەمساڵ ٣٣هەزار و ٦٩٠ حاجى بوون دواى ئەوەى لەسەر داواى عادل عەبدولمەهدى، سعودیە ژمارەکەى بۆ ٥٠ هەزار حاجى بەرزکردەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە پیشتر بەرپرسی تیمی ڕاگەیاندنی حاجیانی هەرێم بە ئین ئارتی ڕاگەیاند، شەممەى داهاتوو ١٧ی ئاب یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە.

ئەمساڵ حەوت هەزار و ١٣٠ کەس لە هەرێمەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونەتە وڵاتی سعودیە و تائێستاش ٢حاجی گیانیان لەدەستداوە.