سەردێڕ:

روحانى: وڵاتانى کەنداو تواناى پاراستنى ئاسایشى ناوچەکەیان هەیە

فۆتۆ: 
2019-08-14

1051 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن روحانى ڕایگەیاند، ئێران و وڵاتانى کەنداو دەتوانن ئاسایشى ناوچەکە بپارێزن و پێویستییان بە هێزى بیانى نییە.

سەرۆک کۆمارى ئێران پێشتریش هەڵوێستى وڵاتەکەى ڕاگەیاندبوو، کە دژى بوونى هێزى دەریایى ئەمریکایە لە ئاوەکانى کەنداودا.

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێى ئاژانسەکانى هەواڵ دەسەڵاتدارانى سعودیە ڕەزامەندییان دەربڕیووە بۆ پێشوازیکردن لە هێزە بیانییەکان بەتایبەتى ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى کارى هاوبەش لە پێناو بەرگریکردن لە ئاسایشى ناوچەکە و بەرقەرارکردنى ئاشتى لە ناوچەکەدا.

کۆتايی مانگی تەموز بە مەبەستی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی، بؤ پاراستنی گەرووی هورمز، لەسەر داوای ئەمریکا نوێنەرانی ٦٠ وڵاتی جیهان لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین کۆبوونەوە، بەڵام ئەڵمانیا بە هۆکاری ئەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە چارەسەری سەربازی نییە، رەتیکردەوە بەشداریی هاوپەیمانێتییەکە بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاندبوو، ئەگەر رێگە بە تاران نەدرێت نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بفرۆشێت، ئەوانیش رێگە نادەن هیچ کەشتییەک ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بەکاربهێنێت و گەرووەکە دادەخەن.

لەچەند مانگى ڕابردوودا دوو فڕۆکەى شەڕکەرى زەبەلاحى B52 گەیشتە بنکەى سەربازى ئەمریکا لە قەتەر و لەگەڵ گەیشتنى کەشتیەکى فڕۆکە هەڵگرى ئیبراهام لینکۆڵن بۆ ئاوەکانى کەنداو.