سەردێڕ:

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەریتانیا و ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەی کەشتییەکە نزیکبوونەتەوە

ئاڵۆزییەکانى ئێران و بەریتانیا
فۆتۆ: 
2019-08-14

1166 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەریتانیا و ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەی کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە نزیکبوونەتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان بەریتانیا و ئێران سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە ئاوەکانی جەبەل تاریق بەرەوپێشچووە و بەریتانیاش نزیکبووەتەوە لەوەی کەشتییەکە ئازادبکات، کە پێدەچێت ئەوەش ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

سەرچاوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی ئێران دەستی بەسەر بەلەمێکی بەریتانیدا گرت و ئاڵاکەی گۆڕی، دواتر ئاڕاستەی گەشتەکەی گۆڕدراوە لە وڵاتی مەغریبەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە دەریای ناوەڕاست، سەبارەت بە کەشتی نەوت هەڵگری ئێرانی (گرەیس ١)یش، ئەوە ئاشکرادەکرێت، لە ئێستادا کەشتییەکە لە ژێر ئاڵای ئێراندا تۆمارکراوە، لەکاتێکدا کە زۆربەی وڵاتان ڕێگە نادەن بە بێ ئاڵا هیچ کەشتییەک بگاتە بەندەرێک.

بە گوێرەی بەرپرسێکی ئێرانیش کە لە ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران چەند بەڵگەنامەیەکی ڕادەستی بەریتانیا کردووە کە هاوکاردەبێت لە ئازادکردنی کەشتییەکەی تاران.

تا ئێستا ئێران ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر سروشتی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەریتانیادا ئاڵوگۆڕیکردوون، بەڵام پێشتر بەریتانیا ڕایگەیاندبوو "کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێران ئازاد دەکەن بەو مەرجەی کە بە بەڵگە بیسەلمێن کەشتییەکە نانێردرێت بۆ سوریا".

جەلیل ئیسلامی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی بەنداوەکان و کاروباری دەریایی ئێرانیش بە ئیرنای ڕاگەیاندووە "هیواخوازن ئەم کێشەیە بەم نزیکانە چارەسەربکرێت و کەشتییە نەوتهەڵگرەکەش بە ئاڵای ئێرانەوە دەستبکاتەوە بە گەشتکردن".

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق چەندین بەربەستیان لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، یەکێک لە هۆکارەکانیشی ئەو تەکتیکانەیە کە ئێران بەکاری دەهێنێت بۆ خۆدەربازکردن لە سزاکانی ئەمریکا، بۆ نموونە بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێران کە لە جەبەل تاریق دەستی بەسەرداگیرا سەرەتا ڕایگەیاندبوو کە عێراقییە، هەر لەو کاتەشدا دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو زانیارییەیان ڕەتکردەوە.