سەردێڕ:

براى ماریا هەورامى: لە ڕێی یاساوە کاری خۆمان دەکەین

وەڵامى مەلا هەڵۆى دایەوە
فۆتۆ: 
2019-08-14

104674 جار خوێندراوەتەوە

براى هونەرمەند ماریا هەورامى لەبارەى وتەکانى مەلا هەڵۆوە لەسەر خوشکەکەى، رایگەیاند، "ئەو بەڕێزە بە هیچ شێوەیەک بەخزمی خۆمانی نازانین و ناشی ناسین"، دەشڵێت، "لەڕێی یاساوە کارى خۆمان دەکەین."

لەڕوونکردنەوەیەکدا بێستوون هەورامى براى هونەرمەند ماریا هەورامى ئاماژەى بەوەکردووە، "بۆ بەرگرتن لەم هێرشە ناڕەوایانەی ناوبەناو دەکرێتە سەر هونەرمەند و نوسەران، پێویستمان بەیەک دەنگی سەرجەم ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هونەرمەندان و کەسایەتی و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە، تا نەهێڵین لەم جۆرە کەسانە بەناوی ئایينەوە کەلتوری ڕەسەنی گەلەکەمان لەناوبەرن."

باسی لەوەشکردووە، "بڕیارمانداوە لە ڕێی یاساوە کاری خۆمان بکەین، با دادگا مافی تەشهیرکردن بە ماریا وەربگرێتەوە. ئەو بەڕێزەش با لە دادگا ڕوونکردنەوەی خۆی بدات لەسەر وتەکانی."

داواشيكردووە، "یاسا سەروەر بێت وداواکاری گشتی بێدەنگ نەبێت لەم جۆرە سوکایەتیکردنە."

لەبارەى بوونى پەیوەندى خزمایەتى لە نێوان مەلا هەڵۆ و ماریا هەورامى، بێستوون هەورامى ئەوەی خستەڕوو، مەلا هەڵۆ بەخزمی خۆیان نازانن و ناشی ناسن و، لەسەر بنەماڵەکەیان حسابی ناکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە دواى بڵاوبوونەوەى کلیپێکى هونەرمەند ماریا هەورامى لەشەقامى سەهۆڵەکەى شاری سلێمانى و بەشداریپێکردنى جەماوەر لە کلیپەکەیدا، کاردانەوەى جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

مەلا هەڵۆش کە مامۆستایەکى ئاینییە لە تۆمارێکى دەنگیدا وشەى نەشیاوى بەرامبەر بە ماریا هەورامى بەکارهێنا و دواتریش لە تۆمارێکى دیکەى دەنگیدا پەشیمانى خۆى دەربڕی و رایگەیاند، کە تەوبە دەکات و وشەکانى جوان نەبوون.