سەردێڕ:

تورکیا: لەگەڵ ئەمریکا ناوەندی ئۆپراسیۆنى هاوبەشمان دروستکردووە

فۆتۆ: 
2019-08-14

2553 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا ناوەندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشیان دروستکردووە، بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، ئەمریکا بە شاندێکی شەش کەسی لە ناوەندى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکەدا بەشداریکردووە.

راشیگەیاندووە، بارەگاى ناوەندەکە لە شارى ئورفاى تورکیایە وکارەکانی ئەو ناوەندەش بەمەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارامە لە باکوری سوریا، بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەمریکا.

هاوکات شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاندووە، پێویستە هێزێکی ناوخۆیی بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەی ئارام دروستبکرێت بۆ ئەوەی ناوچەکە دووربێت لە توندوتیژی.

وتیشی، ناوچەکە بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر دروستدەکرێت، بە گرنگیشی زانی هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیربکرێن بۆ ئەوەی ڕێگە بە جێگیرکردنی چەکدارە توندڕەوەکان لەو ناوچەیە نەدرێت.

پێشتر خولوسی ئاکار وەزیرى بەرگرى تورکیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەى لەگەڵ ئەمریکا و بەبێ ئەمریکاش ئۆپراسیۆن دەکات لە باکوری سوریا.

ئەمریکا هۆشداریی داوەتە هەر چەشنە ئۆپراسیۆنێکی تاکلایەنانەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)دایە و واشنتۆن ئەو هێزانە بە هاوبەشی خۆی لە شەڕی داعش ناودەبات و چەندین جار بەڵێنی پاراستنی پێداون لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەنقەرە.