سەردێڕ:

چیرۆکى ئەو ژنەی خواردنەکانی هیتلەری تام دەکرد

مارگۆت هۆلک ئەو ژنەی خواردنەکانی هیتلەری تام دەکرد
فۆتۆ: 
2019-08-14

20215 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی چیرۆکى یەکێک لەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە لەسەردەمی ئەدۆڵف هیتلەر سەرۆکی نازییەکان، کاری تام کردنی خۆراکەکانی هیتلەربوو تا دڵنیابنەوە لەوەی کە ژەهراوی نەکراوە.

ساڵی ٢٠١٣ بۆ یەکەم جار زانیاری لەبارەی بوونی گروپێکی ژنی ١٥ کەسی ئاشکرابوو، کە دامەزرابوون بۆ تامکردنی خواردنەکانی هیتلەر .

بیرلەوە بکەرەوە هەر قاپێک خواردن کە دەیخۆیت لەوانەیە دوا ژەمی ژیانت بێت، و ببێتە هۆی مردنت، بەڵام تۆش ناچاریت کەبیخۆیت، بۆ گروپێک ئافرەتی گەنج لەناو ڕژێمی نازییەکاندا، ئەمە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانیان بوو لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا، دەبوو تامی خواردنەکانی هیتلەر بکەن.

(Credit: Getty Images)

بە فەرمانی هیتلەر تیمێک لە ژنانی گەنجی متمانەپێکراو و ڕەسەنی ئەڵمانی دامەزرێندران کە کارەکەیان تاقیکردنەوەی هەر ژەمە خۆراکێکی هیتلەر بوو کە بۆی دروست دەکرا، ئەمەش بۆ حاڵەتێک بوو کە ئەگەر لەلایەن کەسێکی نزیک لە خۆیەوە ژەهر خوارد بکرێت.

ئەم ڕۆڵە وەکو ڕێگایەک بۆ خزمەتکردن و شانازی دەبینرا، ئەم چیرۆکە سەرنجراکێشەی ئەزموونی ئەو ژنە گەنجانە لەساڵی ٢٠١٣ دا دەرکەوت، کاتێک مارگۆت هۆلک لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا باسی لە ڕۆڵی پێشووی بۆ ڕۆژنامەی ئەڵمانی ( دێر شپیگل ) کرد و سەرجەم وردەکارییەکانی کارەکەی خستەڕوو.

(Credit: Alamy)

مارگۆت لە بەشێکی چیرۆکەکەیدا دەڵێت " ڕاستە زۆر قورسە چەتاڵ بە چەتاڵ لەگەڵ خواردنەکەدا چاوەڕێی مەرگی خۆت بیت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ژیانی ئێمە ئاسان بوو لە ساڵی ١٩٤٤ دا  خەڵکانێکی زۆر لە برسا دەمردن، بەڵام ئێمە ڕۆژانە سێ ژەم خواردنمان پێدەدرا، بێگومان هەموو ژەمەکان خۆراکی ڕووەکی بوون، هیتلەر بە ڕووەکخۆر بەناوبانگ بوو و خۆی لە خواردنی گۆشت دەپاراست، مارگۆت خۆراکەکانی هیتلەری بەم شێوەیە وەسفکرد" برنج، پاستا، شعریە، میوە سەیرەکان کە لەو کاتەدا زۆر دەگمەن بوون "، بەڵام  بە گشتی ژەمە خواردنەکان زۆر باش بوون و چێژمان لێدەبینی.

مارگۆت لەچاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی ٢٠١٣ دەربارەی تیمەکەی وتی، هەندێک لە کچەکان فرمێسکیان دەڕشت کاتێک دەستیان دەکرد بە خواردن لەبەرئەوەی زۆر دەترسان،  دەبوایە هەموو خواردنەکەمان بخواردایە و پاشان پێویست بوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک چاوەڕێ بین، هەمووجارێک دەتۆقاین کە نەخۆش بکەوین، پاشان دەگریاین، چونکە دڵخۆشبووین کە ڕزگارمان بووە و نەمردووین.

مارگۆت وتیشی، پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری خواردن پێویست بوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک چاوەڕێی کچەکان بکەن و ئەگەر هیچ کێشەیەکیان نەبوایە ئینجا خواردن پێشکەشی هیتلەر دەکرا، بەڵام لەنێوان هەر ژەمێکدا ئافرەتە گەنجەکان دادەنیشتین و چاوەڕێ دەبووین ئایا دەمردین، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کچێک ژەهرخوارد نەکرا بە خواردنەکان، بەڵام چیرۆکەکانمان نەکراوە بە دۆکیۆمێنت، هەروەها من تاکە ئافرەتی تاقیکەرەوەی خواردنەکانی هیتلەرم کە لە ژیاندا مابێتم.

(Credit: Hunter Canning)

باسی لەوەشکرد، کاتێک هێزەکانی ڕوسیا هاتنە ناو ئەڵمانیاوە، یەکێک لە ئەفسەرەکان منی کردە ناو شەمەندەفەرەکەی جۆزێف گۆبڵزەوە بەرەو بەرلین، بۆیە لەو بڕوایەدام سەرجەم ئافرەتەکانی تر لەلایەن سەربازەکانی یەکێتی سۆڤێتەوە کوژرابن.

ئێستا ئەم چیرۆکەی مارگۆت کراوەتە شانۆ و لە ئەمریکا نمایشکرا و ئێستاش لە ئیدنبورگ لە گەورەترین ڤیستیڤاڵی هونەری جیهانیدا بۆ ماوەی مانگێک، چیرۆکەکەی مارگۆت بە تەواوی وردەکارییەکانیەوە نمایشدەکرێت و تیایدا باس لە چۆنێتی ڕەفتارکردن لەگەڵ ئافرەتانی گەنج لەو سەردەمەدا و چۆنێتی بەکارهێنانی هەرزەکاران لە گۆڕەپانی جەنگەکاندا دەکرێت.

(Credit: Getty Images)