سەردێڕ:

مەلا ھەڵۆ: پەشیمانم و تۆبە دەکەم

لەبارەى کلیپەکەى ماریا هەورامی
فۆتۆ: 
2019-08-14

113804 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى لە تۆمارێکى دەنگیدا مەلا هەڵۆ هێرشى کردە سەر ماریا هەورامى ئەو گۆرانیبێژەى لە سەهۆڵەکەى شاری سلێمانى کلیپی کرد، ناوبراو پەشیمانى خۆی لە وتەکانى راگەیاند و دەڵێت، "تەوبەدەکەم و ئەو خوشکەش هەرچی هەیە با لە دادگا داوای بکات و ئامادەشم بچمە دادگا".

مەلا هەڵۆ کە لە تۆمارێکى دەنگیدا چەند وتەیەکى "نەشیاو"ى بەرامبەر ئەو هونەرمەندە بەکارهێنا بەهۆى کلیپەکەیەوە، لە تۆمارێکى دیکەى دەنگیدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو وتانەى لە وەڵامى مەلایەکدا بووە و بۆ رای گشتى ئەو قسانەى نەکردووە تەنها بۆ هاوڕێیەکى ناردووە و لەگەڵ بڵاوکردنەوەشیدا نەبووە.

باسی لەوەشکردووە، دەربڕینەکەى خۆی پێ جوان نەبووە و ئەگەر جارێکى دیکە بیڵێتەوە ئەو قسانە بەکارناهێنێت.

وتیشی، "کارى ئەو گۆرانیبێژە کارێکى ناشەرعییە و تا بمێنم هەوڵدەدەم پێشی پێبگرم بەڵام ئەو پێشپێگرتنەم جوان نەبوو ."

راشیگەیاندووە، سوکایەتى بە هەورامى نەکردووە، بەڵکو خۆى هەورامییە و شانازی بە هەورامی بوونى خۆیەوە دەکات و ئەو هونەرمەندەش خزمى نزیکى خۆیەتى و دەبووایە لە نزیکەوە لەگەڵیدا دابنیشتایە و قسەى لەگەڵ بکردایە نەوەک لە دوورەوە باسی بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، "سەردانى ماریا هەورامى دەکەم و لەگەڵ کەسوکاریدا دادەنیشم و قسەى خێری بۆدەکەم و کەسی خۆمە."

ئەوەش لەکاتێکدایە دواى بڵاوبوونەوەى کلیپێکى هونەرمەند ماریا هەورامى لەشەقامى سەهۆڵەکەى شاری سلێمانى و بەشداریپێکردنى جەماوەر لە کلیپەکەیدا، کاردانەوەى جیاوازی لە تۆڕە کۆممەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

‌بەپەلە