فۆتۆ:
2019-08-14
3269 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، یەدەگی ئێران لە ماددەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی ٤,٥% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٧٠ کیلۆگرام .
بەهرۆز کەمالوەندی ئاشکراشی کرد، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا قۆناغی سێیەم لە کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەستپێدەکەن و ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٠% بەرزدەکەنەوە.
لەلایەکی ترەوە ئێران ناوەندێکی بۆ لێکۆڵینەوەی جیاکردنەوە و پێشخستنی ماددەی یۆرانیۆمی تیشکنەدار لە دامەزاوەی ئەتۆمیی فۆردۆ بونیادنا.
لەو چوارچێوەیەدا عەلی ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران باسی لەوەکردووە، ئەو ماددە یۆرانیۆمە تیشکنەدارە بەکارهێنانی زۆری هەیە و شێوازی دەستەبەرکردنیشی زۆرن کە یەکێکیان لە ڕێگەی سەنتەر فیوچەکانەوەیە، وتیشی، هەزار و ٤٤ سەنتەرفیوچ لە دامەزراوەی فۆردۆدا هەیە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی رایگەیاندووە، بەشێک لە پابەندبوونەکانی خۆی بەو رێککەوتنە هەڵدەپەسێرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئاستی رێگەپێدراوی ٣,٧ەوە تێپەڕاند و گەیاندیە ٤,٥.