سەردێڕ:

ئێران رێژەى پیتاندنى یۆرانیۆمى بەرزتر کردەوە

فۆتۆ: 
2019-08-14

3119 جار خوێندراوەتەوە

  وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، یەدەگی ئێران لە ماددەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی ٤,٥%   بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٧٠ کیلۆگرام .

بەهرۆز کەمالوەندی ئاشکراشی کرد، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا قۆناغی سێیەم لە کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەستپێدەکەن و ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٠% بەرزدەکەنەوە.

لەلایەکی ترەوە ئێران ناوەندێکی بۆ لێکۆڵینەوەی جیاکردنەوە و پێشخستنی ماددەی یۆرانیۆمی تیشکنەدار لە دامەزاوەی ئەتۆمیی فۆردۆ بونیادنا.

لەو چوارچێوەیەدا عەلی ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران باسی لەوەکردووە، ئەو ماددە یۆرانیۆمە تیشکنەدارە بەکارهێنانی زۆری هەیە و شێوازی دەستەبەرکردنیشی زۆرن کە یەکێکیان لە ڕێگەی سەنتەر فیوچەکانەوەیە، وتیشی، هەزار و ٤٤ سەنتەرفیوچ لە دامەزراوەی فۆردۆدا هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی رایگەیاندووە، بەشێک لە پابەندبوونەکانی خۆی بەو رێککەوتنە هەڵدەپەسێرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئاستی رێگەپێدراوی ٣,٧ەوە  تێپەڕاند و گەیاندیە ٤,٥.