سەردێڕ:

کەلار.. سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى ٩٠%ى دانیشتووان پیسکراوە

فۆتۆ: 
2019-08-12

2028 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى فڕێدانى پێستە و پاشماوەى دەیان ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ لەناو ڕووبارى سیروان، سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى ٩٠%ى دانیشتووانى كەلار پیسکراوە.

دورەید سەلیم بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى گەرمیان ڕایگەیاند، پیسکردنى ئاوى ڕووبارى سیروان دەبێـتە هۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى و پاشماوەکانى ئاژەڵى قوربانى چەندین بەکتریاى زیانبەخشیان تێدایە، کە تەندروستیى هاوڵاتیيان بەهۆیانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.

تەنيا ڕووبارى سیروان نییە کە پێست و پاشماوەى ئاژەڵ و ڕەشە وڵاخى تێ فڕێدرابێت، بەڵکو زۆربەى ئەو بۆشاییانەى لە ناو گەڕەکەکانى شاریشدا هەیە بە پاشماوەکانى ئاژەڵى قوربانى پیسکراون و مێشوو مەگەزێکى زۆر و بۆنێکى بێزارکەریان بڵاوکردووەتەوە.

لە پلانى پێش جەژنى قورباندا لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى کەلار پلانیان بۆ ڕێگرى لە فڕێدانى پاشماوەکانى ئاژەڵى قوربانى داناو داواشیان لە هاوڵاتيیان کرد پابەندى ڕێنماییەکان و خاوێن ڕاگرتنى شار بن، بەڵام پێیانوایە بە تەنیا چاودێرى کردنى لیژنەکانى قایمقامیەت بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو پرسە بەس نییە، بەڵکو پێویستە خودى هاوڵاتیان هاوکار بن و هەست بە بەرپرسارێتى بکەن بەرامبەر زیان و دەرەنجامە خراپەکانى فڕێدانى پاشماوەکانى ئاژەڵى قوربانى.

فڕێدانى ئەو پاشماوانە لە ناو گەڕەکەکانى شار و فڕێدانى بۆ ناو ڕووبارى سیروان لە کاتێکدا کە لە شارەکەدا سەربڕینخانەیەکى گەورەو مۆدێرن هەیە و لەژێر چاودێرى تەندروستیدایە، بەڵام زۆرینەى هاوڵاتییان بەو شێوەیە ڕاهاتوون کە ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ لە ماڵەکانى خۆیاندا بۆ قوربانى سەر ببڕن و دواتریش پاشماوەکانى وەک هەر خاشاکێکى تر فڕێدەدەن.