سەردێڕ:

مەککە.. بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ڕۆژی عەرەفەدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

هەزار و ٧١٨ تێرابایت بووە
فۆتۆ: 
2019-08-12

3634 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی سعودییە ڕایانگەیاندووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە مەککە ٣٤% ڕێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ڕۆژی عەرەفەدا زیادیکردووە.

دەستەى پەیوەندی و تەکنەلۆژیای زانیاریی سعودییە ڕوونیکردووەتەوە، قەبارەى بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ڕۆژی عەرەفەدا گەیشتووەتە هەزار و ٧١٨ تێرابایت، کە دەکاتە زیاتر لە ٧٠٤ هەزار کاتژمێر گرتەی ڤیدیۆیی بە کوالێتیی ئێچ دی کراوە بینراوە.

ئەو دەزگایەی دەوڵەتی سعودییە ڕایشیگەیاندووە، ڕۆژانە هەر بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت (لە مەککە) ٣٤٤ مێگابایت ئینتەرنێتی بەکارهێناوە، کە ئەوەش بەراورد بەو ڕێژەیەی کە لە جیهاندا بە تێکڕایی دیاریکراوە ٩١% زیاتر بووە، چونکە تێکڕای ڕیژەی هەر بەکارهێنەرێک لە جیهاندا ١٨٠ مێگابایتە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، زۆرترین بەکارهێنانەکان لە رێگەى سناپ چات و یوتوب و فەیسبوک وواتساب و ئینستاگرامەوە بووە وخێرایی داونلۆدی مۆبایلیش ٤٤پۆینت ٩١ مێگابایت بووە لە چرکەیەکدا و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕیژەى لەسەدا ٧٢ پۆینت ٤٧ زیادیکردووە، هاوکات خێرایی بارکردنى ئینتەرنێت لە مۆبایل لە ساڵى ڕابردوودا  ١٥.٧٣ مێگابایت بووە لە چرکەیەکدا و بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ رێژەى لەسەدا ٥٥ پۆینت ٧٤ زیادیکردبوو.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییە ناوخۆییەکان ١٦ ملیۆن و٧٠٠ هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی بوون و، پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێودەوڵەتییەکان ٥ ملیۆن ٩٠٠هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی بوون.