سەردێڕ:

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاى کەرکوک پێگەی کورد دەخاتە مەترسییەوە

ئەگەرێكی لاوازە لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن
فۆتۆ: 
2019-08-11

1849 جار خوێندراوەتەوە

ناکۆکیى نێوان یەکێتى و پارتى لە دواى ریفراندۆم و رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر و چەند هۆکارێکى دیکە، مەترسى لەسەر پێگەى کورد لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دروستکردووە.

لە سەروبەندی بانگەشەی ریفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم چەندین جار كۆتاییهاتنی ماددەی ١٤ی دەستوریی عێراق سەبارەت بە چارەسەری كێشەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگەیاند. پاساوەكەش ئەوەبوو لە دوای هاتنی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی كەركوك و ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگەوە ئیتر كورد چیتر پێویستی بەو ماددەیە نەماوە، بەڵام  دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ ئەو ناوچانەو گۆڕینی هاوسەنگی هێز گەڕانەوەی بەرپرسانی پارتی بۆ بەغدا لە ئێستا پرسی پابەندبوونی كورد بەو ماددەیە بووەتە جێگای سەرنجی بەپرسانی حكومەتی فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی پێشوازی لە بریارەكەی دادگای فیدراڵى عێراق كرد سەبارەت بە بەردەوامی ئەو ماددەیە.

بڕیارە دوای ١٥ ساڵ لە ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگای كەركووك مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەو پرۆسەیە لەو شارە بەرێوەبچێت بەپرسانی كوردیش پێیانوایە زەرەمەندی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنە كوردە بە پلەی یەكەمیش یەكێتی و پارتییە چونكە لە ماوەی دوو ساڵی نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو شارە ٦٥ هەزار خێزانی عەرەب ناسنامەی باری كەسییان بۆ پارێزگای كەركووك گواستووەتەوە بەمەش هاوسەنگی هێز بە تەواوی لەو هەڵبژاردنە دەگۆڕێ و ئەگەری زۆرە كورد بە رێگای یاساو هەڵبژاردنە شارەكە بدۆڕێنێ.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بۆ یەكەمجار لەساڵى  (٢٠٠٥) هەڵبژێردراو پێكهاتووە لە (٤١) ئەندام كە (٢٦)یان لە لیستی برایەتی كەركوكن کە زۆرینەیان كوردن، لەگەڵ (٦)ئەندامی عەرەب و (٩) ئەندامی توركمان.

لیستى برایەتى بەم جۆرە کورسییەکانى بەسەر لایەنەکاندا دابەشبووە، پارتی خاوەنى (١٣) ئەندامە کە لە (٧) كورد و (٣) مەسیحی و (٢) توركمان و یەك عەرەب پێکهاتووە، یەكێتی (٨) ئەندامى هەیە کە لە شەش كورد، یەك عەرەب، یەك توركمان پێکهاتووە، یەكگرتووی ئیسلامیش خاوەنى سێ ئەندامە و دوو ئەندامەکەى دیکەش کە کوردن بەبێلایەن دادەنرێن.

لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵانی (٢٠٠٩) و (٢٠١٣)دا هەڵبژاردن لەو پارێزگایە بەڕێوەنەچوو، بۆیە ئیستا زۆرترین چاوەکان لەسەر ئەم هەڵبژاردنەیە کە بڕیارە ساڵى داهاتوو بەرێوەبچێت.

بە پێی یاساكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پاریزگاكە كراوەتە ١٤ كورسی كە یەك كورسی بۆ كۆتایی مەسیحییەكان دانراوە. ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە خوولی ٢٠١٠، ٢٠١٤ و ٢٠١٨ كورد ٥٠ + ١ بە دەستیهناوە، بەڵام بە بەردەوام پێكهاتەكانی توركمان و عەرەب ئەو هەڵبژاردنانەیان بە تەزویرو بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە لایرن یەكێتی و پارتی وەسف كردووە.

كورد پێداگری دەكات هەر هەڵبژاردنێك لە پارێزگای كەركووك ئەنجام بدرێت دەبێت بەپێی یاسا و دەستور بێت، بە تایبەت ماددەی ١٤٠ كە خۆی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، راپرسی لەوشارە ئەنجام دەبینێتەوە.

جگە لەوە هاتنی داعش باری دیمۆگرافیاو ئیداریی پارێزگای كەركووكی گۆڕی چونكە كۆنترۆڵكردنی حەویجەو گوندنشینە عەرەكان رێژەی پێكهاتەكانی گۆڕی

پێشتر رێژەی نەتەوەكان تا رادەیەك بەم شێوەیە بوو (٥٠% كورد ٣٤% عەرەب ١٦% توركمان)، بەڵام پاش دابڕانی قەزا‌و ناحییە عەرەبنشینەكان رێژەكە لەم شێوەیەوە نزیكە (٧٠% كورد ١٤% عەرەب ١٦% توركمان)، بەڵام دوای دانانی راكان جبووری بە پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت شاڵاوی تەعریب و گەڕانەوەی ئەو خێزانانە عەرەبانەی كە لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ قەرەبوو كرابوونەوە رێژەی پێكهاتەكانی گۆڕی، زەرەمەندی یەكەمییش كوردە.

 لە ئێستادا بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان باس لە دروستکردنى یەکلیستى دەکەن لەکەرکوک، بەڵام  بە پێی دووری لایەكان لە یەكترو ناكۆكی قوڵی پارتی و یەكێتی لە دوای ریفڕاندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبەر لەسەر كەركووك و ململانێی یان لە سەر پۆستی پارێزگاری شارەكە ئەگەرێكی لاوازە لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن، ئەوەش ئەگەرى دۆڕانى کورد دێنێتە ئاراوە، جگە لەوە هێزەكانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەش لە سەر كارنامەیەكی هاوبەش رێكنەكەوتوون، جوڵانەوەی نەوەی نوێش كە گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی كوردستان بڕیاری پێشوەختەی داوە هەر بەرەیەك پارتی ویەكێتی تێدا ئەو بەشداری ناكات.