سەردێڕ:

لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم ماددەی ١٤٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت گۆڕاوە

هەرێم شاندێک دەنێرێتە بەغدا
فۆتۆ: 
2019-08-10

13250 جار خوێندراوەتەوە

زمانى ژمارە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ١٤٠ەوە گۆڕاوە بۆ ٢٥٠، ئەو پرسەى لە کۆبوونەوە و لێدوانەکانى هەردوولا دەبیسترێت.

پرسی ڕادەستکردنى بڕى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى هەرێم بە بەغدا لە ئێستادا جێگەى مادەى ١٤٠ى گرتووەتەوە، کە لە ڕابردوودا ناکۆکیى سەرەکى نێوان هەرێم و بەغدا بوو.

سەرۆک وەزیرانى عێراق پێش سێیەمین سەردانى شاندى هەرێم کەوت و ڕایگەیاند، ئەگەر هەرێمى کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستنەکات، بە ئەندازەى ئەو بڕە نەوتە لە بودجەکەى دەبڕدرێت.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدى خۆى بەدوورگرت لە پرسی بڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، بەڵام سوربوونى خۆى نیشاندا لەسەر بڕینى بەشێکى بودجەى هەرێم لە بەرامبەر ڕادەستنەکردنى ئەو بڕە نەوتە بە بەغدا.

سەرۆک وەزیرانى عێراق لە لێدوانەکەیدا بیانووەکانى هەرێمى ئاشکراکرد لەبارەى ڕادەستنەکردنى نەوت بە بەغدا و ڕایگەیاند، بەهۆى ئەوەى لە ساڵانى ڕابردوودا بودجە بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆیە تا ئێستا هەرێم ئەو بڕە نەوتەى ڕادەستنەکردووە، دەبێت ئەم پرسە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

بۆ چارەسەرکردنى پرسە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و لەناویشیاندا پرسی نەوت، هەرێم بە دوو کارتى فشارەوە شاندێک دەنێرێتە سەر مێزى گفتوگۆ لە بەغدا.

شیروان میرزا پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، شاندى ئەمجارەى هەرێم بە دوو کارتى فشارەوە دەچنە بەغدا، چونکە لە ئێستادا هەردوو ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى و هاوپەیمانیى نەسر، دژایەتى عەبدولمەهدى دەکەن، بۆ دەربازبوون لەم دژایەتییەش سەرۆک وەزیران پێویستى بە کورد دەبێت، بۆیە کوردیش ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ سەپاندنى بەشێک لە داواکانى خۆى بەسەر عەبدولمەهدیدا.

وتیشی، ڕاکێشانى بۆریى نەوتى کەرکوک بۆ بەندەرى جەیهان بە هەولێردا، ئەوەندەى دیکە کارتى فشارى هەرێمى بەهێزکردووە لە بەرامبەر بەغدا بۆ سەپاندنى بەشێکى دیکەى داواکانى.

هەرێم دەیەوێت پێش دەرکردنى پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ى عێراق، بەشە بودجەى ساڵى داهاتوو و موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە بە تەواوى مسۆگەر بکات.