سەردێڕ:

کەرکوک.. لایەنە کوردییەکان تانە لە یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەدەن

فۆتۆ: 
2019-08-07

1748 جار خوێندراوەتەوە

لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لە کەرکوک جگە لە پارتی، لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای نوێی هەڵبژاردنەکەیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەی ئەمجارەشدا پارتی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، بە حزبە کوردییەکانی وتووە، ئەوان ئامادەن بۆ یەکڕیزی و یەک لیستی و هاوهەڵوێست دەبن لەگەڵ حیزبەکانی تردا.

محەمەد جەلیل بەرپرسی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە فەرمى رایانگەیاندووە کە لەگەڵ یەکڕیزین و هیچ بوارێک نەماوە بۆئەوەى یەکهەڵوێست نەبن.

حیزبەکان هەموو کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ۲۰۱٨ لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بەتایبەت مادەی ۳٥ کە تایبەتە بە پارێزگای کەرکوک، بۆیە بە کۆدەنگی دەیانەوێت لە ڕێگەی رێوشوێنە یاساییەکانەوە، تانە لە بڕگەکانی یاساکە بدەن.

هاوکات حزبەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەى، لە حاڵەتی هەموارنەکردنەوەی یاساکە، سەرجەم حزبەکان بە یەک لیست بەشداریی دەنگدان بکەن بۆئەوەى دەنگی هاووڵاتییانى کورد لە پارێزگاکە نەفەوتێت.

ڕێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاماژەى بەوە کرد، هەموویان رێککەوتن کە ئەو هەموارکردنەوەیە لە بەرژەوەندیی کەرکوکییەکان نییە و بەشێک لە کەرکوکییەکان بێبەش دەبن لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، سیستمی سانتلیگۆ بەکاردەهێنرێت بە دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر ١.٩، کە ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندیی لیستە گەورەکانە و لیستە بچووکەکان لە کورسی بێبەش دەبن.

مستەفا حسێن بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی ئۆفیسی کەرکوکی نەوەی نوێش، کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو، باسی لەوە کرد، ئەوان هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداریی ئەو لیستە بکەن یان نا.

لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا یەک ملیۆن و ٢٦ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنیا شەش سەد و ٦١ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ بایۆمەتری تۆمارکردووە و، لەو ژمارەیەش تا ئێستا ٦٨۱۷۹ کەس کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە و زیاتر لە ۱۲۰ هەزار کارتی تریش لەژێر چاپدایە.