سەردێڕ:

دواى تێپەڕبوونى پێنج ساڵ تا ئێستا کەس لەسەر کەوتنى شنگال سزا نەدراوە

فۆتۆ: 
2019-08-03

622 جار خوێندراوەتەوە

سێى ئابى ٢٠١٤، بۆ ئێزدییەکان رۆژێکى تاڵى پڕ لە ئازارە، لەو رۆژەدا ئەو پێکهاتە ئاینییە رووبەرووى جینۆساید کرانەوە، سەرلەبەرى ژیانیان گۆڕانى بەسەردا هات و کاریگەرییەکانیشى بۆ ماوەیەکى درێژ بەسەریاندا دەمێنێتەوە.

رۆژى سێى ئابى ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشێکى بەرفراوانیان کردە سەر قەزاى شنگال و دەوروبەری کە نیشتمانى دێرینى ئێزدییەکانە.

تەنها لەو ڕۆژەدا هه‌زار و ٢٩٣ هاوڵاتى ئێزدى کۆمەڵکوژکران و شەش هەزار و ٤١٧ هاوڵاتى دیکە لە ژن و منداڵ و کچ و پیاوى ئێزدی ڕفێندران و وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا.

کوردانى ئێزدى ژمارەیان زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس دەبێت و دانیشتووى ڕەسەنى قەزاى شنگالن، قەزاکە دە‌کە‌وێتە‌ ئە‌وپە‌ڕی‌ خۆرئاوای‌ باشورى کوردستانەوە و‌١٢٠ کیلۆمەتر لە‌ ناوەندى پارێزگاى موسڵە‌وە‌ دوورە‌‌.

بەهۆی هاتنی داعشەوە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کوردى ئێزدى لە تەواوى سنورى قەزاى شنگال ئاوارەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و پەنابەرى وڵاتانى ناوچەکە بوون و بەپێى ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوردى ئێزدى وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانى جیهان کردووە.

ئەو ئێزدییانەشی کە ئاوارەی شارەکانى هەرێم بوون بەسەر ٢١ کەمپدا دابەشکراون کە ١٧ کەمپیان لە پارێزگاى دهۆکە، ئەمە جگە لە بوونى کەمپى دیکە لە تورکیا و سوریا.

نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ئامارێكی نوێی قوربانیان و رزگاركراوانی ئێزدی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، لە كۆی شەش هەزار و ٤١٧ رفێندراو، سێ هەزار و ٥٠٩  ژن و منداڵ رزگاركراون و هێشتا ئەوانەى دیکە رزگارنەکراون، هەروەها تا ئێستا ٨٠ گۆڕ و دەیان گۆڕی تاكەكەسی دۆزراونەتەوە، کە تەنیا شەش گۆڕیان هەڵدراونەتەوە، لە لایەکى دیکەشەوە داعش بە توندترین شێوە ئەشکەنجەى ئافرەتانى کوردى ئیزدى داوە، بەشێکى زۆر لە رزگارکراوان پێویستییان بە چارەسەرى دەروونى و جەستەیی هەیە، تائێستاش نزیکەى ١٥٠٠ ئافرەتى ئێزدى بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى نێردراونەتە وڵاتانى ئەوروپا.

لەو ماوەیەدا کە داعش دەستى بەسەر شنگالدا گرتبوو، ٦٨ مەزارگە و شوێنی ئاینى تەقێندراونەتەوە. هێرشەکەی داعش بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆى هێزەکانی سنوورەکە بوو کە زۆرینەیان سەر بەپارتى دیموکراتى کوردستان بوون.

دواى رووداوەکە، پەرلەمانى کوردستان و مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان دوو لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکارەکانى کەوتنى شنگال پێکهێنا، ٣٠ فەرماندەی سەربازی پێشمەرگە تۆمەتبارکران بە بەدەستەوەدانی شنگال، لەئەنجامى لێکۆڵینەوەکاندا، بەشێک لەو فەرماندانە لەهێزەکانى ئەو ناوچانە دوورخرانەوە.

حکومەتى هەرێمیش لیژنەیەکى بە سەرۆکایەتى وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى پێشوو پێکهێنا و چەندین بەڵگەیان بۆ بەجینۆساید ناساندنى دۆسیەکە گەیاندە پێنج وڵاتى جیهان، بەڵام تا ئێستا دۆسیەکە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بە جینۆساید نەناسێنراوە.

چوار ساڵە شنگال کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام رێژەیەکى یەکجار کەم ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەگوێرەی ئامارەکان کەمتر لە ٣٠٠ خێزان لە سنوورەکە گەڕاونەتەوە ئەمەش بەهۆی دۆخی ئەمنى شنگال و بوونی ململانێی چەکداری و چەندین گروپی چەکداریی جیاواز تێیدا.

بەبڕواى چاودێران، یەکێک لە هۆکارەکانى کەوتنى شنگال ئەوەیە کە سوپایەکى نیشتمانى لە هەرێمى کوردستاندا بوونى نیەو ئەوەش وایکردووە تائێستا لایەنى بەرپرسیار لەکەوتنى ئەو شارە بەتەواوى دیار نەبێت.

لە هێزى نیشتمانیدا بەرپرسیارییەتیەکان بەپێى پلەبەندى سەربازى دیارن، بەڵام بەهۆى بوونى هێزى حزبى لەو ناوچەیە تا ئێستاش هێزە کوردییەکان خەریکى یەکتر تۆمەتبارکردنن لەسەر بەدەستەوەدانى شنگال، لەوکات و لەئێستاشدا وەزیرى پێشووى پێشمەرگە نەچووە بەردەم پەرلەمان و هیچ رونکردنەوەیەکى پێویستى لەسەر هۆکارى سەرەکى و راستەقینەى کەوتنى شەنگال نەخستەڕوو.