سەردێڕ:

وردەکاریی هێرشەکەى شەوى ڕابردووى گوندى کوڵەجۆى گەرمیان

فۆتۆ: 
2019-08-01

12002 جار خوێندراوەتەوە

لەدرەنگانێکى شەودا دانیشتووانى کوڵەجۆى ناوەندى ناحیەى کۆکس لەگەرمیان بە دەنگى هاوەن و تەقەى گروپە چەکدارەکان و ئاسایشی گەرمیان بە ئاگا هاتن.

شایەتحاڵەکان دەڵێن لەسەرەتادا ناوەندى ناحیەکە بە هاوەن بۆردومان کراوە و چەندین گولـلە هاوەنی ئاراستە کراوە، زۆرینەیان لە ناو بازاڕ و ئەو شوێنانەیان داوە کە خەڵکى مەدەنى تێدایە، دواتر هێرش کراوەتە سەر بنکەى ئاسایشی جەلەولا کە بارەگاکە لە دواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ەوە لە گوندى کوڵەجۆى ناوەندى ناحیەى کۆکسدایە و بۆ ماوەیەکى زۆر شەڕو ڕووبەڕووبنەوە لە نێوانیاندا بەردەوام بووە.

لەگەڵ دروستبوونى شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەدا، ژمارەیەک لە دانیشتووانى ناحیەکە خۆبەخشانە بە چەکى خۆیانەوە بۆ پاڵپشتى بنکەى ئاسایشی جەلەولا ڕۆشتوون و هێزى پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیانیش بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو دۆخە، گەیشتوونەتە شوێنى شەڕەکە، دووکارمەندى ئاسایش بە گولـلە شەهید بوون، کە یەکێکیان بەرپرسى ئۆپەراسیۆنەکانى ئاسایشی گەرمیانە، دواى کۆتایی هاتنى شەڕیش بۆمبێکى چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکى پێشمەرگەدا تەقیەوە و دوو پێشمەرگە شەهید بوون، ٨ کەسى تریش لە ئەنجامى شەڕو بۆردومانى هاوەندا بریندار بوون کە سیانیان هاوڵاتى مەدەنین.

شوێنى هێرشى چەکدارەکان، بۆشاییەکانى نێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایش بووە لەنێوان کەلار و جەلەولا، پێشتر سوپاى عێراق ئاسایشی گەرمیانى لە پلانى هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لەکاتى شەڕەکەدا سوپاى عێراق کە نزیکەى ١٥٠ مەتر لە شوێنى شەڕەکەوە دوور بوون، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە بە بیانووى ئەوەى داواى هاوکارییان لێ نەکراوە.

گروپە چەکدارەکان بوونى بۆشاییەکى ئەمنی لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزە کوردییەکان، هاوکات بوونى دارستانێکى چڕى سروشتیی لە کەنار ڕووبارى سیروانیان وەک هەلێک قۆستووەتەوە و توانیویانە بارەگاى نهێنى تێدا دانێن و ناوبەناو هێرش بکەنە سەر هێزە عێراقییەکان و هێزە کوردییەکان.