سەردێڕ:

فرانس پرێس: هیچ بڕیارێك نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا

فۆتۆ: 
2019-07-30

4215 جار خوێندراوەتەوە

پرسی رادەستنەکردنی نەوت بە بەغدا، ئەو کێشەیەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە نێوان هەرێم و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و هەرچەندە بەرپرسانی هەردوولا  جەخت لەوە دەکەنەوە کە چارەسەری کێشەکانیان نزیکە، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، هیچ بڕیار و هیوایەک نییە بۆ چارەسەری کێشەکان.

لە ڕاپۆرتێکدا فرانس پرێس باسی لەوە کردووە، کێشەی نەوت و بودجە لە نێوان هەرێم و بەغدا وەک خۆی ماونەتەوە و تا ئێستاش هیچ هیوایەک نییە بۆ بە تەواوی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

بەرپرسێکی حکومی لە کەرکوک ڕایگەیاندووە، گفتوگۆی ڕووکەش هەیە، بەڵام بڕیارێک نییە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغدا.

سەرهەڵدانی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لە دوای بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە هات لە ساڵی ٢٠١٤ و لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمیش کێشەکان گەیشتنە لوتکە.

لە ئێستاشدا، کۆمپانیاکانی بواری نەوت و ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی وەک ئەمریکا، لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی ڕابردوودا عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێم قایل بووە بە فرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و حکومەتی عێراقیش لاریی نییە لە رادەستکردنی سەرجەم شایستە داراییەکان بە هەرێم بەپێێ یاسای بودجەی ٢٠١٩، بەڵام تا ئێستا نە هەرێم نەوتەکەی لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە کردووە و نە بەغدادیش پشکی هەرێمی بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ ناردووە، کە بڕەکەی زیاترە لە ١٠ ترلیۆن دینارە.

ماڵپەڕەکە نوسیویەتی، بیانوی عێراق بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم ئەوەیە کە هەرێم نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە سەربەخۆ لە رێگەی تورکیاوە دەفرۆشێت.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە قسەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کردووە کە ڕایگەیاندووە، هەرێم نزیکەی ١٤ ملیار دۆلار قەرزدارە، بەڵام بەپێی شارەزایەکی ئابووری، قەرزەکانی هەرێم دوو هێندەن.

 فرانس پرێس نوسیوویەتی، زۆربەی بودجەی هەرێم بۆ کەرتی گشتی خەرجدەکرێت کە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بە زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر هەژماردەکرێن کە ژمارەیەکی زۆر لەو فەرمانبەرانە فەرمانبەری ڕاستی نین و تەنها موچە وەردەگرن.

لە ٢٥ی ئەم مانگەدا حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لیژنەی باڵای هاوبەشی هەرێم و بەغدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر دانانی میكانیزمی كرده‌یی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كاریی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و، بڕیاردراوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و بڕیاریشدرا هەفتەی داهاتوو لیژنە تەکنیکییەکان لە بەغداد کۆببنەوە.