سەردێڕ:

وردەکاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک

فۆتۆ: 
2019-07-24

4587 جار خوێندراوەتەوە

دوای ١٤ ساڵ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاردرا بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، لە ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیش بەڕێوەبچێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا، ڕێژەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە لە ٤١ کورسییەوە کەمدەکرێتەوە بۆ ١٤ کورسی، لە کاتی هەموارکردنەوەی یاساکەشدا لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی پارتی هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت و دەنگیان بە هەموارکردنەوەکە نەدا، بەپێی زانیارییەکانیش پارتی لەگەڵ ئەوەدانییە هەڵبژاردن لە شارەکەدا بکرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆئەوەی دۆخی شارەکە ئاسایی نەبووەتەوە.

شەمسەدین عەلی بەرپرسی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک باسی لەوەکرد، کێشەیان نییە لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکاندا، لەگەڵ حزبە کوردییەکانی دیکەشدا دەیانەوێت تاوتوێی ئەوە بکەن، کە بە لیستێک بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

ئەحمەد ڕەمزی  بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە و گۆڕانکاری لە نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لقی کەرکوک تائێستا ٦٦% هاوڵاتیان سیستەمی بایومەتریان تۆمارکردوە و ٨٥% هاوڵاتیانیش کارتی نیشتمانیان وەرگرتووەتەوە.

عەبدولباست شوانی وتەبێژی لقی کەرکوکی کۆسیۆنی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەکرد، لقی کەرکوکی کۆمسیۆنیش ئامادەکاریی کردوە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی لە ساڵی داهاتوودا لە شارەکە بڕیارە بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە لە ٤٣ بنکەدا کە ٢٥ بنکەیان لە ناوەندی پارێزگای کەرکوکن و ١٨ بنکەی تریشیان لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەرن.