سەردێڕ:

بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکدان بۆ پاراستنی گەرووی هورمز

فۆتۆ: 
2019-07-23

2495 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و دانیمارک پشتیوانی لە پێکهێنانی هێزێکی دەریایی بە سەرپەرشتی ئەوروپا دەکەن بۆ پاراستنی گەرووی هورمز لە هەر هەڕەشەیەک، ئەوەش دوای ئەوە هات کە کەشتییەکی نەوتی بەریتانیا لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

سێ بەرپرسی باڵای یەکێتیی ئەوروپا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بیرۆکەی پێکهێنانی هێزێکی دەریایی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل لەلایەن بەریتانیاوە پێشنیاز کراوە و، روونیشیانکردووەتەوە کە هێزەکە ناتۆ و ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداریی تێدا ناکەن.

رۆژی ٢٠ی تەمووز سوپای پاسدارانی ئێران دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە باس لە چۆنێتی دەستبەسەراگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیا دەکات، کە ئاڵای ئەو وڵاتەی هەڵگرتووە لە گەرووی هورمزدا.

لە وەڵامیشدا وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، هەموو لایەک دوودڵن سەبارەت بە بەرپابوونی جەنگ و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، ئەوەی ئێستا پێویستە ئاساییکردنەوەی هەڵوێستەکانە.