سەردێڕ:

کەسە نزیکەکانى نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانى بە ئاشکرا رەخنە لە یەکتر دەگرن

فۆتۆ: 
2019-07-23

15787 جار خوێندراوەتەوە

ڕووداوەکەی ڕێستۆرانتەکەی هەولێر، ململانێی نێوان باڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیی لەناو پارتیدا تۆختر کردەوە، ئەفسەرێکی دژە تیرۆری کوردستان وەڵامێکی توندی ڕێبوار کەریم وەلی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی داوەتەوە، کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لەسەر ڕووداوەکەی هۆقەباز ڕەخنەی لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر گرتبوو.

ڕووداوى رێستۆرانتەکەى هۆقەبازى هەولێر تەنها دواى چەند ڕۆژێک بوو بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، کە دیپلۆماتکارێکی تورکیای کردە ئامانج، کەسە نزیکەکانى مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیش لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ ڕووداوەکە کرد.

ڕێبوار کەریم وەلی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێم، کە ناوە ناوە لەسەر پێشهات و ڕووداوەکانی کوردستان دەنوسێت، لەبارەی ڕووداوی ناو ڕێستۆرانتەکەی هەولێریشەوە نووسیبووى، بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قوڵتركردەوە، كە شتێك روویداوە و دەبێت دابپۆشرێت.

باسی لەوەش کردووە، خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوورنییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت، دوورنییە هێرشێكی بەرفراوانی زەمینیش بۆسەر پەكەكە بكرێت، دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن.

لە بەرامبەردا وتەکانى ئەو رۆژنامەنوسەى نزیک لە نێچیرڤان بارزانى، ئەفسەرێکی دژەتیرۆری کوردستان، کە ناو و پلەکەی ئاشكرا نەکراوە، لە پێگەی فەرمی ئەو دەزگایەدا کە ماوەی هەشت ساڵە لەلایەن مەسروور بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت، لە راگەیەنراوێکدا نوسراوە "ماوەیەکە ڕیبوار کەریم وەلی بە فیتی ئاغاکانی، خۆی لە خەڵک کردووە بە موحەللی ئاخر زەمان".

ئەو ئەفسەرەى دژە تیرۆرى کوردستان، چەند جارێک وشەی ئاغای بە مەبەست لەپاڵ ناوی ڕێبوار کەریم وەلیدا هێناوە، کە گوایا لە هاتنەکایەی حکومەتێکی بەهێز دەترسن، دەشڵێت، ئێستا دوای ئەو ڕووداوەی ناو ریستورانتی هۆققەباز لە هەولێر، رێبوار و ئاغاکانی دڵخۆش بوون.

ڕێبوار لە نووسینەکەیدا هێرشی کردووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و دەڵێت "گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن، لە بەرامبەردا ئەفسەرەکەی دژە تیرۆر دەڵێت، ڕێبوار خەمی ئەوەیەتی کە دەزگا ئەمنیەکان توانیویانە زوو کلکی ئاغاکانی ڕێبوار لەم ڕووداوەدا ئاشکرا بکەن".

بەڵام لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەفسەرەکەى دژە تیرۆرى کوردستان دەڵێت، رێبوار خەمى ئەوەیەتى کە دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە زوو کلکى ئاغاکانى لەم رووداوە ئاشکرا بکەن و دەشڵێت هاوکارەکانى لە کەناڵە مینبەرەکەى رێبوار هەر زوو وتیان هەموو سیناریۆکە دەزانن و ڤیدیۆکانیان بینیووە، ئەى بۆچى تازە هاتووە دەپرسێت ڤیدیۆکان ئاشکرا نەکراون تا شتێک پەردەپۆش بکەن.

بەڵام دواى دەرکەوتنى ناکۆکییەکان بە ئاشکرا دەرخستنى لە میدیاکانەوە، پۆستەکەى رۆژنامەنوسەکەى نزیک لە نێچیرڤان بارزانى و وەڵامى ئەفسەرەکەى دژە تیرۆرى کوردستان سرانەوە.

دەرکەوتنی ململانێ و دنیا بینی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، هەرزوو لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە دەرکەوت، بەتایبەت کە مەسروور بارزانی زۆرینەی کاندید و کەسە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانی دوورخستەوە و لە یەکەم وتاریشیدا دواى دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى نوێی حکومەت وتى ئەوان هاتوونەتەسەر حکومەتێکی قەرزار.