سەردێڕ:

بەشێک لە بریکارە فەرمییەکانی غاز فرۆشتن لە هەولێر گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2019-07-23

1603 جار خوێندراوەتەوە

بە نوێنەرایەتیى ٤٠٠ بریکارى فەرمى غاز، لە هەولێر دەیانەوێت سکاڵاى خۆیان بگەیەننە لایەنى پەیوەندیدار، بە هۆکاری ئەوەی نیگەرانن لەوەى ژمارەیەک کەس بەبێ بریکارنامە و بێ مۆڵەت، لەپاڵ ئەماندا غاز لە چەند کارگەیەک وەردەگرن و لە کۆڵانەکان دەیفرۆشن.

غاز فرۆشە فەرمییەکان داوادەکەن چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان بدۆزرێتەوە، چونکە دەڵێن پێشتر ڕۆژانە هەریەکێکیان ٧٠ غازی وەرگرتووە و فرۆشتوویەتى، بەڵام ئێستا سێ ڕۆژیان پێدەچێت بۆ فرۆشتنى ئەو بڕە غازە.

جگە لە خراپیى بازاڕیان، کێشەیەکى دیکەیان هەیە، بەشێک لە غاز فرۆشە بێ مۆڵەتەکان کاتێک غازێکی خراپ یان ئێرانی بدەن بە ماڵێک، دواتر بریکارە فەرمییەکەى ئەو گەڕەکە لێی بەرپرسیار دەبێت.

لەمڕوەوە ئەم غاز فرۆشە رووداوێک دەگێڕێتەوە، دەڵێت چەند رۆژێک لەمەوبەر غاز فرۆشێک کە بریکارنامەى نییە، هێرشیکردووەتە سەر ئافرەتێک لە یەکێک لە گەڕەکەکان و، دواتر بریکارێکى فەرمی ماوەى دوو رۆژ دەستگیرکراوە تا ئەو کاتەى تۆمەتبارەکە دۆزراوەتەوە.

لەسەر ئەو بابەتە بەختیار پشدەری بەڕێوبەری کارگەی غازی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵی ئەوەدان لەگەڵ هەردوولا دانیشن و ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە و غازفرۆشەکانى دیکەش بکەن بە بریکارى فەرمی یان کارەکەیان قەدەغە بکەن.

لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە ٤٤٠ ئۆتۆمبێلی غاز فرۆشتن هەیە و، بریکارنامەى فەرمیی حکومەتیان هەیە، ١٥٦ غاز فرۆشیان لەناو سەنتەری شارن و ڕۆژانە بەشێکیان ٧٠ غاز و بەشێکی دیکەیان ١٠٥ غاز وەردەگرن لە کارگەکان و، هەر ئۆتۆمبێلە و شوێنی جوگرافیی خۆی دیارە بۆ فرۆشتنی غازەکانى بۆئەوەی هەر گرفتێک دروستبوو رێکار بەرامبەر بریکارەکە بگیرێتەبەر.