سەردێڕ:

قایمقامیه‌تی سلێمانی سەبارەت بە خواردنەوەی ئاوی له‌ده‌به‌نراو هۆشداری دەدات

فۆتۆ: 
2019-07-23

12908 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامیه‌تی سلێمانی بە هۆکاری زوو تێکچوونی پێكهاته‌كه‌ی داوا له‌ هاوڵاتییان ده‌كات ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌ر تیشكی خۆر نه‌كڕن.

قایمقامیه‌تی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەش کردووە، بەهۆی تیشكی خۆره‌وه‌ کارلێککردن لە نێوان ده‌به‌ی پلاستیك و ئه‌و ئاوه‌ی بۆ خواردنەوە تێیدا بەکاردێت، وا دەکات پێكهاته‌كه‌ زوو بگۆڕێت و شیاوی نەبێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، "پێشتر دووکان و مارکێتەکان ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت خواردن و خواردنەوەکان لەبەر تیشکی خۆر دابنرێن، یاخود عه‌مبار بكرێن، بە هەمان شێوە بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ده‌به‌نراو، لەبەرئەوەی پێش وادەی بەسەرچونیان زوو خراپ دەبن و زیان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکەن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لیژنە هاوبەشەکان رێگری لەو بارهەڵگرانە دەکات به‌ سەردانەپۆشراوی له ‌كارگه‌كان یاخود له‌ كۆگاكانی عه‌مباركردنه‌وه‌‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ده‌به‌نراو دەگوازنەوە بۆ بازاڕ و چێشتخانە و مارکێتەکان، دەست بەسەر ئوتۆمبێله‌كه‌یاندا دەگیرێت."

باس لەوەش کراوە، هەر مارکێت و شوێنێک ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ده‌به‌نراو لەبەر تیشکی خۆر دابنێت بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.