سەردێڕ:

به‌ریتانیا ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتییه‌كی وڵاتەکەی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بە چەتەگەریی ناوبرد

فۆتۆ: 
2019-07-23

2490 جار خوێندراوەتەوە

ناکۆکییەکانى نێوان تاران و لەندەن، لەسەر دەستبەسەرداگرتنى کەشتییە نەوتهەڵگرەکان توندتر دەبێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا بەریتانیا رێوشوێنى نوێ دەگرێتەبەر و لیژنەى بەپەلەى حکومەتى ئەو وڵاتە پلانێکى ئامادەکردووە و لەلایەن وەزیرى دەرەوەوە ناوەڕۆکەکەى خرایە بەردەم پەرلەمانتاران.

جێرمی هانت رایگەیاند، پلانیان هەیە هێزێکی دەریایی بە فەرماندەیی ئەوروپا پێکبهێنن کە کارەکەی پاراستنی کەشتییە بارهەڵگرە دەریاییەکان دەبێت لە کەنداو و گەرووی هورمز.

جێرمی هانت ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگرەکەی وڵاتەکەی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بە چەتەگەری ناوبرد و وتیشی، مافی ئێران نەبوو ئاڕاستەی کەشتییەکە بگۆڕێت نەک ئەوەی کە بچێتە سەر کەشتییەکەش.

ئەم رێوشوێنە دواى ئەوە دێت، هەینیى رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران کەشتییەکى نەوتهەڵگرى بەریتانیای لە گەرووی هورمز دەستبەسەرکرد و ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر هەڵکرد، ئەمەش لە کاردانەوەى دەستبەسەرداگرتنى کەشتییەکى تاراندا بوو لەلایەن بەریتانیاوە لە جەبەل تاریق.

تۆبیاس ئیلود بریکاری وەزیری بەرگریی بەریتانیا روونکردنەوەى زیاتری دا لەسەر پێکهێنانى هێزە دەریاییەکە و وتى، بەریتانیا بەو هەنگاوانەی تەنیا دەیەوێت هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز مسۆگەر و بێ هەڕەشە بێت و، ئەو هەنگاوەشیان نابێتە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر ئێران، چونکە ئەوان هێشتا پابەندن بە پاراستنی ڕێککەوتنى ئەتۆمییەوە لەگەڵ ئێران.

بە وتەی تۆبیاس ئیلود، لە ئێستادا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بچووکە و ناتوانێت سەرجەم بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا بپارێزێت.

جەختیشیکردەوە هەڕەشەکان دەگۆڕدرێن و جیهانیش لە پێشووتر ئاڵۆزتر بووە، هەربۆیە ئەگەر بیانەوێت ڕۆڵی کاریگەریان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجەی زیاتر هەیە بۆ هێزە چەکدارەکان بە گشتی و هێزی دەریایی بەتایبەتی.

ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) بەشێک لە پلانى حکومەتى بەریتانیاى بۆ فراوانکردنی هێزی دەریایی وڵاتەکەى ئاشکراکرد و وتى، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و پێنج ژێردەریایی و کەشتییەکی جەنگی و ژمارەیەک بەلەمی هێرشبەری خێرا زیاد دەکرێن.

ساڵی ڕابردووش ناوەندێکی سەربەخۆی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداریی دابوو لەوەی بەریتانیا دووچاری هەڕەشە دەبێتەوە ئەگەر لە بچووککردنەوەی هێزە دەریاییە تایبەتەکەی بەردەوام بێت.

لە کاردانەوەى بڕیارەکەى بەریتانیاشدا، ئیسحاق جهانگیری جێگری سەرۆکی ئێران رایگەیاند، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەنداو ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.

بە وتەى جیهانگیرى پێویست بە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە ناکات، چونکە لەم جۆرە هاوپەیمانێتییانە و بوونی بیانی لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش، بێجگە لە تێکدانی ئاسایشیش هیچ سوودێکی نابێت.

لای خۆشیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دەستپێکردنی ململانێ و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەوێتە ڕوبەڕووبوونەوە.

جەختیکردەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێوشوێن دژبە کەشتییەکەی بەریتانیا گیراوەتەبەر.