سەردێڕ:

مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان کرد

مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆ
فۆتۆ: 
2019-07-23

1078 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی چاکسازیی حکومەتی هەرێم، بە تایبەتی لە بواری چاکسازیی ئابووریدا، دەکات.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەش کردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵیی وڵاتەکەشی بە باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەریکا هانی هەردوولا دەدات بۆئەوەی لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا پێویستە بە شێوەیەک بێت کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک لەبەرچاو بگیرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە گرنگی و بەردەوامبوونی یارمەتییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە کراوە.