سەردێڕ:

هەڵەبجە.. بەشێك لە هاوڵاتیان لە شەوەوە لەبەردەم بینای پاسپۆرتی هەڵەبجەدا سەرە دەگرن

فۆتۆ: 
2019-07-23

2007 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە هاوڵاتییانی هەڵەبجە لە شەوەوە سه‌ره‌ دەگرن و ئێشک دەگرن لەبەردەم فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجەدا،‌ ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی کارەکانی ده‌رهێنانى پاسپۆرت ته‌واوبكه‌ن.

سالار سه‌ردار به‌ڕێوەبه‌رى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ باسی لەوە کرد، پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌ى چوار مانگه‌ به‌ ڕووى هاوڵاتییاندا كراوه‌ته‌وه‌ و، له‌ ئێستاشدا ته‌نها ١٨ كارمه‌ندى هه‌یه‌، كه‌ ١٤ كارمه‌ندیان سه‌ربه‌ میلاكى پاسپۆرتى سلێمانین و وه‌ك هاوكارییه‌ك لێره‌ كارى هاوڵاتییان ڕایی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ نه‌بوون و كێشه‌ى كه‌میى كارمه‌ند، كێشه‌ى بچووكى بیناكه‌یان بووه‌ته‌ گرفتێكى تر بۆ ئه‌م به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه‌، له‌ ئێستاشدا به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه‌كه‌ داواى دامه‌زراندنى ٧٥ كارمه‌ند له‌ حكومه‌ت دەکەن.

جگە لەوانەی کە بە شەو ئێشک دەگرن، لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک ڕوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن، بەوەش فەرمانگەکە جمەی دێت لەو کەسانەی پەرۆشن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی پاسپۆرتەکانیان.

له ‌سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى ئه‌م به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییەدا‌ تا ئێستا ٩ هه‌زار پاسپۆرت بۆ هاوڵاتییان ده‌ركراوه، ڕۆژانه‌ش نزیكه‌ى ١٥٠ مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتییان ڕایی ده‌كرێت،‌ جگه‌ له‌ هاوڵاتییانى هه‌ڵه‌بجه،‌ هاوڵاتییانى سه‌یدسادق و شاره‌زووریش ده‌توانن لێره‌ پاسپۆرت ده‌ربكه‌ن.