سەردێڕ:

پۆلیسی هەولێر: ٥٣ تۆمەتبار بە تاوانی جیاجیا دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2019-07-22

2362 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا ٥٣ تاوانبار لە هەولێر دەستگیرکراون، کە ۷ کەسیان لەسەر تاوانی کوشتن بووە.

عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو تاوانانەی کە ئەو تۆمەتبارانە ئەنجامیانداوە، تاوانی مەترسیدارن و حەوت کەس لەو دەستگیرکراوانە لەسەر تاوانی کوشتن دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکانی دیکە تاوانی دزیکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان و چەندین تاوانی تریان ئەنجامداوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون دانیشتووی هەولێر و دەرەوەی هەولێر و تەنانەت هاوڵاتیی عەرەبیشیان تێدایە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ڕوونیکردەوە، هەموو ئەو تۆمەتبارانە براونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بە فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و هەرکەسەیان بەگوێرەی ئەو مادەی پێی ڕاگیراوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

دڵنیاییشی دایە دانیشتووانی شاری هەولێر کە شار ئارامە و هەر تاوانێک ئەنجامبدرێت، دەتوانرێت تاوانبارەکان دەستگیربکرێن.

ع.م