سەردێڕ:

عێراق.. لە هەشت مانگدا نزیکەی هەزار چەکداری داعش لە سوریاوە گەڕاونەتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-22

1222 جار خوێندراوەتەوە

مۆتەکەى داعش بەرۆکى عێراق بەرنادات، جارێکى دیکە چەکدارە پەڕاگەندە و شانە نوستووەکانى ئەو رێکخراوە دەبنە هەڕەشەیەکى نوێ.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە دوای ڕووخانی خەلافەتەکەیان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوا پێگەیان لە سوریا، ڕوویان لە عێراق کردووەتەوە، بە شێوەی شانەی نوستووی بچووک لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق خۆیان حەشارداوە.

هیشام هاشمی شارەزای بواری ئەمنی، کە ڕاوێژکاری حکومەتی عێراقە، بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا نزیکەی هەزار چەکداری داعش، کە بە ڕەچەڵەک عێراقین، لە سوریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.

رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هیشام بڵاویکردووەتەوە، ئەو چەکدارانەی داعش لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بڵاوبوونەتەوە و بەهۆی هەبوونی زانیاری دەربارەی ناوچەکان، توانیوویانە لە تونێل و حەشارگەکاندا بمێننەوە.

عەقیدێکی سوپای عێراقیش بە ناوی سەعد محەمەد بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، چەکدارانی داعش لە بیابان و ئەشکەوتەکان و ئەو ناوچانە خۆیان حەشارداوە، هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکات.

چەکدارەکانی داعش شەوان جموجوڵەکانیان دەستپێدەکەن و بە چەکی جۆری قەناس هێرش دەکەن، هەندێکجاریش ئەو ڕاوچییانەی کە لە شانە نوستووەکانی داعش نزیکدەبنەوە دەکرێنە ئامانج.

واشنتۆن پۆست تەقینەوەیەکی سەرەتای ئەم مانگەی پارێزگای کەرکوکی وەک نموونە باسکردووە، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران، هێرشێکی دیکەش لە پارێزگای دیالە روویدا کە بەهۆیەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج، کە بەشدارن لە ئۆپراسیۆنی دژبە شانە نوستووەکانی داعش.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی عێراق و شارەزا ئەمنییەکان، چەکدارانی داعش زیاتر لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانن و چاوەڕوان ناکرێت جارێکی دیکە ناوچەیەکی فراوان بخەنەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، بەڵام شارەزایان دەڵێن، شانە نوستووەکانی داعش دەتوانن هاوڵاتییان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکەن و وایانلێبکەن بێدەنگی هەڵبژێرن لە بەرامبەر جموجۆڵەکانیان لە ناوچەکاندا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بە پاڵپشتیى هێزى ئاسمانیى عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى و هێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپراسیۆنێکى فراوانیان لە سنورى دەشتاییەکانى پارێزگاکانى نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین بە ئاڕاستەى ناوچە سنورییەکانى خۆرئاواى عێراق دەستپێکردووە بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانى چەکدارانى داعش.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبیش، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دەشتاییەکانی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا هێزەکانی حەشدی شەعبی تونێلێکی داعشیان دۆزیوەتەوە، کە وەک حەشارگە و کۆگایەکی هەڵگرتنی تەقەمەنی بەکارهێنرا.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان گەڕان و پشکنینیان لە ٥٠ گوندی باشوری بەغدا بۆ پاشماوەکانی داعش دەستپێکردووە و دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیی ئەو چەکدارانەشدا گرتووە.