سەردێڕ:

حاکم رزگار: بەبێ دەستوەردان پۆستە دادوەرییەکان دانانرێن

فۆتۆ: 
2019-07-22

2714 جار خوێندراوەتەوە

حاکم رزگار محەمەد ئەمین رەخنە لە دەستوەردان لە کاروبارى دادگاکان دەگرێت و دەڵێت، بەبێ دەستوەردانى حزبى و حکومى پۆستە دادوەرییەکان دانانرێن.

حاکم ڕزگار ئه‌ندامی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌رێم لەمیانى بەرنامەى ١٨٠ى ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوە کرد، کێشە ئەوەیە کە لە پڕکردنەوەى پۆستەکاندا لێوەشاوەیى و ڕابردوو پاکى ناکرێتە پێوەر، بەڵکو ئەوەى دەکرێتە پێوەر ئینتیمای حزبى و کەسێتییە، کە ئەمە پێش هەموو کەس بۆ حزبەکان خۆیان خراپە.

وتیشى، دادپەروەرى لە پرۆسەى دادوەریدا بەشێکى پەیوەندیى بە لایەنە یاساییەکانەوە هەیە، ئەمەش کەس تەدەخولى تێدا ناکات، بەڵام ئەوەى دەستوەردانى تێدا دەکرێت لە پرسی دانانى پۆستە دادوەرییەکاندایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێى یاساى ژمارە ٢٣ى ساڵی ٢٠٠٧، دەسەڵاتى دادوەرى دەسەڵاتێکى سەربەخۆیە و جیاکراوەتەوە لە دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و، دادگاکان دەسەڵاتیان بەسەر هەموو کەسێکى سروشتى و مەعنەویدا هەیە تا دەگاتە حکومەت و، تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەى هەموو کێشە و تاوانەکان.

هـ.ع