سەردێڕ:

ڕۆڵی پەرلەمان لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت

فۆتۆ: 
2019-07-22

975 جار خوێندراوەتەوە

كيڤن كيلوها ماكالينان، کاربەڕێکەر و بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکایە، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدایە و بانگهێشتکراوە بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون لەبارەی چەند پرسێکەوە، لەوانەش، پرسی کۆچبەران.

ئەلێکساندرا ئۆکاسیۆ کۆرتێس بە تەمەن بچووکترین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکایە، کەم بەرپرسی باڵای ئەمریکا هەیە خۆی لێ لانەدات، ئیدارەی ترەمپی خستووەتە ژێر نەشتەری ڕەخنەکانییەوە، کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەستی ئۆکاسیۆ و تەواوی ئەندامانی کۆنگرێسی واڵاکردووە، لێپرسینەوە لە هەر شتێک بکەن کە بیانەوێت.

ئەمەش سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیە لە کۆنگرێسی ئەمریکا، بەم جۆرە لە بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی تووڕە دەبێت و ڕەخنە لە کەموکورتیی بەڕێوەبردن لە بریکاری وەزیری ناوخۆ دەگرێت لەسەر کاروباری پەنابەران.

دەگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان و چەند کەیسێکی مەترسیدار بەبیردەهێنینەوە، کە تا ئێستاش نە کەسیان لەسەر دادگایی کراوە، نە وەزیر و نە بریکاری وەزیریان لەسەر دەرکراوە، لەکاتێکدا هەرێم خاوەنی پەرلەمان و دادگا و پۆلیس و دامودەزگای تایبەت بە خۆیەتی، کەچی ئەو کەیسانە لە ڕێگەی سوڵح و پارە و فشارەوە، بەشێکیان یەکلاکراونەتەوە و بەشێکیشیان تا ئێستا وەک خۆیان ماونەتەوە و پەردەپۆشکراون.

دۆسیەکانی (بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ، بەقاچاغبردنی نەوت، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەکان، هاوردەکردنی دەرزی و دەرمانی قاچاغ و کوێرکردنی چاوی دەیان نەخۆش، کوشتنی خۆپیشاندەران) و چەندین دۆسیەی شاراوەی تر.

لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا، تەنها چەند وەزیرێک بانگهێشتکراون بۆ لێپرسینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیار، کە ئەوانیش بە پەنجەکانی یەک دەست دەژمێردرێن، لە خولی چوارەمی پەرلەمانیشدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەکان بانگهێشتی پەرلەمان کران، بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر چەند پرسێك، بەڵام سەرۆکی حکومەت ئامادەنەبوو بێتە بەردەم پەرلەمانتاران و تەنها لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی پرسیار و گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکاندا، نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان تووڕەبوو، ئامادەشنەبوو گفتوگۆ و پرسیارەکان بەو جۆرەی کە بەڕێوەدەچوو، بەردەوام بێت.

ساڵی ڕابردوو، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکرد، کە تا ڕادەیەک گۆڕانکاریی لە شێوازی لێپرسینەوە و بانگهێشتکردن و لەکارخستنی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی کردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سیستمی سیاسی جۆرێک لە تێکەڵاوی و ناجۆریی پێوە دیارە، هەروەها بەهۆی نەبوونی دەستورەوە، چاودێرییەکان بە گشتی و چاودێریی دەسەڵاتی پەرلەمان لەسەر جێبەجیکردن بەتایبەتی، ڕێگریی زۆری دێتە پێش.

ئەم هانگاوە لە چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمانی، لە عێراق جیاوازتر و پێشکەوتووترە، هەرچەندە تەمەنی پەرلەمانی عێراق وەک لە پەرلەمانی کوردستان زۆر کەمترە، بە جۆرێک لە پەرلەمانی عێراق متمانە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای حکومەت سەندراوەتەوە، لەکاتێکدا پێشتریش لایەنەکان لە نێوان خۆیاندا لەسەر پۆستەکان و سیستمی حوکمداریی ڕێککەوتبوون، لە نمونەی ئەوەش، وەزیری دارایی عێراق لە پشکی کورد و هەروەها پارێزگاری پێشووی موسڵ بوون، کە پەرلەمان لەسەر گەندەڵی و کەمتەرخەمی متمانەی لێ وەرگرتنەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە سیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتییە و پەرلەمانی نییە، ئەوەش دەستی بەرپرسانی بەسەر یاسا و تەواوی دامەزراوەکانی تردا واڵاکردووە و، بە هیچ شێوەیەک دۆسیەی بەرپرسەکان ناگاتە پەرلەمان و داواکاری گشتی و دادگاکان.

ع.م