سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: پابەندین بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

فۆتۆ: 
2019-07-22

47524 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکی فراوانی تەلەفزیۆنیدا ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەوان پابەندن بە یاساوە سەبارەت بە ناردنی موچەی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

عەبدولمەهدی وتی "ئێمە پابەندین بە یاساوە یاساکە دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، ئەگەر ڕادەستی نەکات ئەوا ئەوان بەشێک لە شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕن، ئەوان ئێستا ئەوە جێبەجێ دەکەن کە لە یاسادا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر نرخی بەرمیلیک نەوت لێک بدەن لەگەڵ ٢٥٠ هەزار بەرمیلدا ئەوا ئەوان ئەو بەشە دەنێرین بۆ هەرێمی کوردستان کە شایستەیەتی، ئەوەشی کە ڕادەستی ناکەن، ئەوان لە بەشەی بودجەی هەرێمی دەبڕن.

سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان عەبدولمەهدی جەختیکردەوە "موچە من فەرزم نەکردووە بابەتی موچە هی سەردەمی کابینەی حکومەتەکەی  عەبادییە، هیچ شتێکم بۆ زیاد نەکردووە و هیچ میلاکێکی زیادەی نەخراوەتە سەر، بۆیە لە ئێستا هەموو موچەکان خەرجدەکرێت لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا و ئەوەش شتێکی مەشروعە و مایەی دڵخۆشییە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کارە هاوڵاتیانی وڵاتەکە بە نیشتیمانەکەیانەوە پەیوەست دەکات".

لە کۆتایی وتەکانیدا دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم عەبدولمەهدی جەختیکردەوە، هەموو چالاکییەکانی تر دەبڕن جگە لە قوتی هاووڵاتی.

ئەو وتانەی عەبدولمەهدی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، شاندی هاوبەشی هەرێم و بەغدا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ دەکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکى حکومەت، مەسرور بارزانى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا ئاماژەى بەوە کردووە، لە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویست لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق روونکراوەتەوە.

بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، دەبێت حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە مانگێکە یاساکە پەسەندکراوە و دەستکراوە بە جێبەجێکردنی، بەڵام لە دوو مانگی ڕابردوودا هەرێم نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکردووە و بە سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت، ئەوەش مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە بەغدا جارێکی دیکە هەوڵی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بدات.

لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا پشكی هەرێم بە ١٢.٦٧% دیاریکراوە و بەپێی یاساکەش، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەوەی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئەوا بەغدا مانگانە تەنها ٥٢٢ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بۆ موچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگەیە، ئەگەر نەوتیش ڕادەستی بەغدا بکات ئەوە کۆی ئەو بڕە پارەیەی بەپێی بودجە دەدرێتە هەرێم لەمساڵدا زیاترە لە نۆ ترلیۆن دینار.

ع.م