سەردێڕ:

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە فەرمانبەرانی قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2019-07-22

7569 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە بریارێکدا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە کاتی دەوامی فەرمیدا لە فەرمانبەرانی قەدەغەکرد.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە بڕیارێکی حەوت خاڵیدا، کە واژۆی ئانۆ جەوهەر وەزیری نوێی گواستنەوە و گەیاندنی لەسەرە، رێکارەکانی رێکخستنەوەی کاروباری وەزارەتەکەی روونکردووەتەوە، بەگوێرەی خاڵی چوارەمی بڕیارەکەش لەمەوداوا رێگە بە فەرمانبەرانی وەزارەتەکە نادرێت لەکاتی ئەرکدا مۆبایلی زیرەک و لاپتۆپ و کۆمپیوتەر بە مەبەستی تایبەتی بەکاربهێنن "جگە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی."

روونیشکراوەتەوە، وێنەگرتنی مامەڵەی هاوڵاتییان و بڵاوکردنەوەی "بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە."

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، لەمەودوا میکانیزمی (مێزی- طاولة) پەیڕەودەکرێت، کە مەبەست ئەوەیە هەر فەرمانبەرێک دەبێت لە کۆتایی دەوامدا سەرجەم مامەڵەی هاوڵاتییان کە لەبەردەستیدایە تەواوبکات.

لە بڕیارەکەدا پابەندبوونی فەرمانبەران بە دەوامی فەرمیی وەزارەت (٨ی بەیانی تاوەکو ٣ی دوای نێوەڕۆ) و رێکخستنەوەی ئاسایشی فەرمانگەکان و بنبڕکردنی "بەرتیل و بەرتیلدان" و رێزگرتنی هاوڵاتییان لەکاتی سەردانی فەرمانگەکانی سەربە وەزارەت جەختی لێ کراوەتەوە.

هـ.ع