سەردێڕ:

پێچەوانەی بڕیارێکى وەزارەتی پێشمەرگە ئابوونە لە پێشمەرگە وەردەگیرێت

فۆتۆ: 
2019-07-22

3082 جار خوێندراوەتەوە

لە موچەی ئەم مانگەدا و لە بەشی ژمێریاریی لیوا هاوبەشەکانى هێزەکانى پێشمەرگە سێ هەزاری دینار وەک ئابوونە لە هەر پێشمەرگەیەک وەرگیراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی دوو ساڵە پارتی و یەکێتی وەرگرتنی ئابوونەی حزبییان لە هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگرتبوو.

پێشمەرگەیەک کە لەبەر بڕینی موچەکەی ئامادەنەبوو لەبەردەم کامێرا قسە بکات، دەڵێت، دوو ساڵ بوو بەهۆی راپۆرتەکانی ئێن ئاڕ تییەوە ئابوونە ڕاگیرابوو، بەڵام لەم مانگەوە دەستیپێکردووەتەوە و لێیان وەرگیراوە.

وەرگرتنەوەى ئابوونەى حزبى لەکاتێکدایە، بڕیارێکى وەزارەتی پێشمەرگە هەیە بۆ وەرنەگرتنى ئابوونە، بەپێى بڕیارەکە نابێت هیچ یەکەیەکی ژمێریاری لەکاتی دابەشکردنی موچە ئابوونە لە پێشمەرگە وەربگرێت.

جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لە جێبەجێکردنى بڕیارەکە کردەوە و رایگەیاند، هەقیان نییە بەسەر ئەوەوە کە لە دەرەوەى شوێنى دەوام حزب کۆبوونەوە بە پێشمەرگە بکات و ئابوونەیان لێ وەربگرێت.

زۆربەی جارەکانیش لەکاتى وەرگرتنی ئابوونەى حزبى، ئەوە بە پێشمەرگە و فەرمانبەران دەوترێت کە ئابوونەکە لە پاداشتى دامەزراندنیانە لەلایەن حزبەوە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە باس لەوە دەکات، لە خولی ڕابردوو و ئەم خولەى پەرلەمانیش هەوڵیانداوە ئابوونە نەهێڵن، بەڵام بەهۆی ئەوەی فەرماندە و بەرپرسانی هێزەکان حزبین، تا ئێستا بەردەوامە.

وەرگرتنی ئابوونە لە هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و بەشێک لە فەرمانبەران بە جۆرێکە کە مانگانە و لەکاتی موچەدا لەلایەن ڕێکخراوە حزبییەکانەوە، کە نوێنەریان لە دامودەزگا حکومییەکان هەیە، وەردەگیرێت.

بڕی ئابوونەکەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕدرێت و لە سێ هەزارەوە دەستپێدەکات تا ٥ هەزار دینار، زۆرترین ئابوونەی حزبییش لەناو هێزە ئەمنییەکان کۆدەکرێتەوە.

هـ.ع