سەردێڕ:

تورکیا.. ماوەى هەفتەیەکە ٥٠ کۆچبەرى کورد بێسەروشوێنن

فۆتۆ: 
2019-07-22

5232 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتى گشتى پەنابەران لە تورکیا ڕایگەیاند، نزیکەى ٥٠ هاوڵاتى هەرێم ماوەى هەفتەیەک بەڕێکەوتوون بەرەو ئەوروپا و تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ڕۆژ عەزیز نوێنەرى یەکێتییەکە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتیانە خەڵکى شارەکانى هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و دهۆکن و بەر لە هەفتەیەک بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەریان نیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، قاچاغچییەکان بەر لە هەفتەیەک کەسوکارى ئەو کۆچبەرانەیان ئاگادارکردوەتەوە کە تورکیایان جێهێشتووە و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەگەنە ئیتاڵیا، بەڵام ئەو قسانەى قاچاغچییەکان ڕاست نین و کۆچبەرەکان تا ئێستا چارەنوسیان دیارنیە.

ڕوونیشیکردوەتەوە، لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا هیچ ڕوداوێک لە تورکیا و لە دەریاى ناوەڕاست ڕووى نەداوە و لەبەر ئەوە ئەگەرى گەورە هەیە کە ئەو کۆچبەرانە لە بەندینخانەکانى تورکیادابن.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەرى نایاسایی لە رێگەی تورکیاوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەدەن و رووداوی نقومبوون و خنکانی کۆچبەران لە رێگا ئاوییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە.

ساڵى ٢٠١٦ تورکیا و وڵاتانى یەکێتیی ئەوروپا ڕێککەوتنێکیان لەسەر پرسی کۆچبەران واژۆکرد، بەپێى ڕێککەوتنەکە، تورکیا دەبێت ڕێگرى بکات لە پەڕینەوەى کۆچبەران بۆ ئەوروپا، لە بەرانبەریشدا یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی دارایى و فریاگوزاریى پیشکەشى ئەو وڵاتە دەکات.

ب.ب