سەردێڕ:

شنگال.. ڕوفاتى ٩٤ ئێزیدى دەرهێنران

فۆتۆ: 
2019-07-22

898 جار خوێندراوەتەوە

قۆناغى سێیەمى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ئێزیدى کۆتایى هات و ڕوفاتى٩٤ ئێزیدى دەرهێنران.

ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، تیمى نیشتمانى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەگەڵ کارمەندانى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان کۆتاییان هێنا بە قۆناغى سێیەمى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ئێزیدییەکان لە شنگال.

ڕاشیگەیاند، لە پرۆسەکەدا ٩٤ روفات لە گوندى کۆجۆ دەرهێنراون لەگەڵ هەڵدانەوەى گۆڕێکى تر لە دەرەوەى گوندەکە لە ناوچەى سەباحییە لە قەزاى شنگال.

بەپێى لێکۆڵینەوەکانى تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵى ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە، زیاتر لە ١٠ گۆڕى بەکۆمەڵیان لە سنورى شەنگال دەستنیاشانکرد، کە دەرکەوتووە دەیان خێزانى گوندى کۆجۆ کوژران و زیاتر لە ٧٠٠ ئافرەت و منداڵیش ڕفێنراون و بێسەروشوێنن.

لە ئابى ساڵى ٢٠١٤ داعش هێرشى کردە سەر ناوچەکانى شەنگال و کۆجۆ و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦ هەزار و ٤٠٠ ئێزیدى ڕفاند، کە تا ئێستا نزیکەى ٣ هەزار و ٥٠٠ کەسییان ڕزگارکراون.

ب.ب