سەردێڕ:

عێراق.. لێکۆڵینەوەکانى بۆردومانکردنى بارەگایەکى حەشدى شەعبى ئاشکرابوو

فۆتۆ: 
2019-07-22

21847 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەکانى بۆردومانکردنى بارەگایەکى حەشدى شەعبى بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان لە دوزخوورماتوو ئاشکرابوو.

لە ڕاگەیەندراوێکى حەشدى شەعبیدا هاتووە، لیژنەى لێکۆڵینەوەى ناوەندى، کە حەشدى شەعبى بۆ سەربازگەکەیانى ناردووە لە ناحیەى ئامرلى لە دوزخورماتوو، ئەنجامەکانى ئاشکراکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان، تەقینەوەى ناو سەربازگەکە بەهۆى ئاڕاستەکردنى موشەک یان بۆردومانى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە نەبووە، بەڵکو ئاگرکەوتنەوەى سوتەمەنیى ڕەق بووە بەهۆى هەڵەیەک لە ناوخۆیدا.

ئاماژەى بەوەش کردووە، ڕووداوەکە زیانى گیانیى نەبووە و تەنها دوو چەکدارى حەشدى شەعبى برینداربوون.

ئەوە لەکاتێکدایە، شانەى راگەیاندنى ئەمنى ڕۆژى ١٩ى ئەم مانگە بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان سەربازگەیەکى حەشدى شەعبیی لە سنورى قەزاى دوزخورماتوو کردووەتە ئامانج و، بەو هۆیەشەوە دوو چەکدارى حەشدى شەعبی برینداربوون.

دواتر حەشدى شەعبى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگرى و موشەک و ئەندازەى ڕووپێوى و شارەزایانى بوارى تەقەمەنى و فڕۆکەى بێ فرۆکەوان ڕەوانەى سەربازگەکە کرد، هەر زوو وەزارەتى بەرگریى ئەمریکاش ڕەتیکردەوە کە پەیوەندیى بەو ڕووداوەوە هەبووبێت.

ب.ب