سەردێڕ:

سعودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی ئازادکرد

لە مانگی چوارەوە دەستبەسەربووە
فۆتۆ: 
2019-07-21

2458 جار خوێندراوەتەوە

سعودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی بە ٢٦ کارمەندی ناو کەشتییەکەوە ئازاد کرد کە ماوەی سێ مانگە لە کەناراوەکانی جددە دەستبەسەری کردبوو.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی میھری نیمچە فەرمی ئێرانی کە زانیارییەکانی پشتی بە بەرپرسێک بەستووە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، سعودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی بە ناوی " Happiness 1 " کە لە ٣٠ی نیسان بەملاوە لە کەناراوەکانی جددە دەستی بەسەرداگرتووە، ئازاد کرد.

لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرە سەر بە کۆمپانیای تانکەری نیشتمانی ئێرانە و ئێستا لە رێگای گەڕانەوە دایە بۆ وڵاتەکەی.

ئەم کەشتییە نەوتھەڵگرە لە ٣٠ی نیسانی ئەمساڵ لەکاتی بەڕێکەوتنی بەرەو ئاراستەی کەنداوی سوێس ماتۆڕەکەی کێشەی تێکەوت و بەمەبەستی چاککردنەوەی لە کەناراوەکانی جددەی وڵاتی سعوودیە گلدرایەوە. ئێران بۆ خەرجی ئەم کەشتییە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری بە سعوودیە دابوو.

لە میدیاکانی ئێران لەوەو پێش زانیاری ئەوە بڵاوکرایەوە کە سعودیە بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتییە داوای بڕی ٢٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ ھەر رۆژێک لە ئێران کردووە، بەڵام ئیدارەی تاران رەتیکردووەتەوە ئەم بڕە پارەیە بە سعوودیە بدات. بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی سێ مانگە ئەو کەشتییە لەلایەن سعوودیەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگری بەریتانیدا گرت، سعودیە راستەوخۆ ئەم کەشتییەی ئێرانی ئازاد کرد.