سەردێڕ:

ئەمریکا هۆشداری دایە ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن

فۆتۆ: 
2019-07-20

5662 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت ئاڵۆزییەکانی کەنداو پەرە دەسێنێت و ئەمریکا هۆشداریدایە ئەو کەشتیانەی کە بە گەروی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

بەڕێوەبەرایەتی دەریاوانی لە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا هۆشداری دایە ئەو کەشتیانەی کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، دوای ئەوەی سوپای پاسداران دوو کەشتی نەوتهەڵگری دەستبەسەرا گرت.

لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی دەریاوانی ئەمریکا لە پێگەی ئەلکترۆنی خۆی ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند "دوو کەشتی کە یەکێکیان ئاڵای بەریتانیا و ئەویدیکەیان ئاڵای لیبریای بەرزکردبۆوە، ڕووبەڕووی تەنگپێهەڵچین بوونەتەوە و پێدەچێت لەلایەن هێزی سەربازی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیرابێت".

بەو هۆیەشەوە داوای لەو کەشتیانە کردووە کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن ئاگاداری خۆیان بن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ میدیاکانی جەزائیر بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتە ناچارکراوە ئاراستەی بگۆڕێت بەرەو ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران.

کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی جەزائیر ئاشکرایکرد، کەشتییەکە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە و ویستوویەتی بە ئاراستەی تەنورەی سعودیەدا بڕوات، کە یەکەی پاڵاوگەکانی "ڕەئس تەنورە"ی ئەو وڵاتەی تیایە و، نەوتەکەش نەوتی خاو بووە بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای "ئۆنیاک"ی چینی بارکراوە.

دوێنێ ١٩ی تەموز سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر کەشتییەکی نەوتی بەریتانیدا کە یاساکانی هاتوچۆی ئاوی نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە.

ئەو پێشهاتە نوێیانەش لە کاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی "گاردیان"، بۆ دابینکردنی دڵنیایی ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.

 فەرماندەییەکە نوسیویەتی "سەرکردایەتی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کاردەکات لەسەر گەشەپێدانی ئۆپراسیۆنی دەریایی بە ناوی  گاردیان، بە مەبەستی بەهێزکردنی چاودێری و ئاسایشیی ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دڵنیایی لە ئازادی دەریاوانی، لە سایەی ئەو گۆڕانکاریی و ڕوداوانەی ئەم دواییە لە ناوچەی کەنداو ڕوویاندا.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆنەوە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو زیاتر بووە و لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشکردنە سەر چەند کەشتیەکی نەوتهەڵگر و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەسەر گەروی هورمز، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەرەی سەند و ڕۆژانەش لە پەرەسەندنی زیاتردایە.

ع.م