سەردێڕ:

هەدەپە سەبارەت بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکەی هەولێر هاتە دەنگ

فۆتۆ: 
2019-07-20

10430 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرى هەدەپە لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم داغ تۆمەتبارى رووداوکەى ھەولێر ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ھەدەپە و نوێنەرانی ھەدەپەدا نەبووە.

عابد ئیکە بۆ دەنگى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، ھیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و بینینێک لە نێوانیاندا ڕووینەداوە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لێکۆڵینەوەی خۆی بکات.

روونیشیکردووەتەوە، "لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ھیچ پەیوەندییەکمان پێوە نەکراوە، چونکە ئەم کردەوەیە کاری ئێمە نییە و سیاسەتی ھەدەپە لە باکوور و تەواوی دنیا ئەوەیە کە رەخنە لە سیستمەکان دەگرێت و داوای دیموکراسی دەکات و نایەوێت خەڵکی مەدەنی بکوژرێن و باوەڕی بە خەباتی مەدەنی ھەیە".

لەبارەى تۆمەتبارە سەرەکییەکەوە کە چەند میدیایەکى تورکى وەک براى پەرلەمانتارێکى هەدەپە ناویان هێنابوو،  نوێنەرى ئەو پارتە لە هەرێم باسی لەوەکردووە، ھەر کەسێک باوەڕی ئازاد و تایبەت بە خۆی ھەیە و ئەوەش نابێتە کێشە بۆ پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دواى دەستگیرکردنى دوو کەس بە تۆمەتى تەقەکردن لە دیپلۆماتکارە تورکییەکە لە ریستۆرانتێکى هەولێر، چەند میدیایەکى تورکی وایان بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارى سەرەکى رووداوەکە (مەزڵوم داغ) براى پەرلەمانتارێکى هەدەپەیە و دواتریش ئەو پارتە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن پەرلەمانتارێکیان دەستگیربکرێت یان ئاستەنگی بۆ دروستبکرێت بەبیانوی هاتنى ناوى برایەکی لەو ڕووداوەى هەولێردا.

تا ئێستا دژە تیرۆی کوردستان بە فەرمی دوو کەسی بە تۆمەتی تەقەکردن لە رێستۆڕانتەکەی هەولێر دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.